دادگەی میونشن 14 ساڵ زیندانی بەسەر ئەو ژنەدا سەپاند کە رێگەی دا کچە کوردێکی ئێزدی لەبەر خۆر بمرێت

29-08-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی شاری میونشنی ئەڵمانیا بە هۆکاری ئەوەی رێگەی داوە کچە کوردێکی ئێزدی لەبەر خۆر لە تینوێتیدا بمرێت، سزای 14 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ژنێکی ئەڵمانیدا سەپاند کە لە کاتی تاوانەکەدا ئەندامی داعش بووە.
 
رۆژی سێشەممە 29-08-2023 دادگەی میونشن بڕیاریدا هاووڵاتییەکی ئەڵمانی بە 14 ساڵ زیندانیکردن سزا بدات کە بە جێنیفەر ڤێنس ناوی هێناوە.
 
ژنەکە چیرۆکەکەی بەو جۆرە گێڕاوەتەوە، لەو کاتەدا لە شاری موسڵ لە عێراق بووە، لەگەڵ هاوژینە داعشەکەیدا کچێکی پێنج ساڵ و دایکی کە کوردی ئێزدی بوون، کردوون بە 'کۆیلە'ی خۆی.
 
جێنیفەر دەڵێت، نیوەڕۆیەکی هاوینی ساڵی 2015 هاوژینەکەی بۆ سزادانی کچە پێنج ساڵانەکە، کە گوایە "میزی کردووە و جێگەکەی خۆی تەڕ کردووە"، لەبەر تیشکی خۆر زنجیر کردووە تاوەکو لە تینوێتیدا گیانی لەدەستداوە.
 
تاوانێکی دیکە کە بەسەر ئەندامەکەی پێشووی رێکخراوی داعشدا ساخبووەتەوە ئەوەیە، لەو کاتەی منداڵەکە گیانی لەدەستداوە، جێنیفەر دەمانچەیەکی خستووەتە سەر سەری دایکی و پێی گوتووە کە ئەگەر لە گریان بۆ رۆڵەکەی نەوەستێت، دەیکوژێت.
 
نوورە ناوی ئەو کچە کوردە ئێزدییە بوو کە لەبەر تیشکی خۆر گیانی لەدەستدا؛ دایکی کچەکەش لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین جار لە دادگەکانی میونشن و فرانکفۆرت گوتەی لێوەرگیرابوو.
 
جێنیفەر ڤێنس لە ساڵی 2016 لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە ئەنقەرە  دەستگیرکرا و دیپۆرتی ئەڵمانیا کرایەوە؛ هەروەها هاوژینەکەی بە ناوی تەها جومەیلی لە تشرینی دووەمی 2021 لەلایەن دادگەی فرانکفۆرتەوە تاوانی جینۆساید، دژی مرۆڤایەتی، جەنگ و ئەشکەنجەی جەستەیی بەسەردا ساخکرایەوە و بۆ تەواوی تەمەنی زیندانی کرا.
 
جێنیفەر لە موسڵمانبوونەوە تاوەکو دەستگیرکردنی
 
جێنیفەر ساڵی 2013 موسڵمان بووە، ساڵی 2014 لە رێگەی تورکیاوە چووەتە سووریا و پەیوەندیی بە داعشەوە کردووە، لەوێشەوە چووەتە عێراق. ئەو ژنە ئەڵمانییە لە نێوەڕاستی ساڵی 2015دا بووە ئەندامی هێزی پۆلیسی داعش و چاودێریی جێبەجێکردنی فەرمان و رێنوێنییەکانی داعشی لە فەلوجە و موسڵ دەکرد.
 
لە کانوونی دووەمی 2016دا جێنیفەر سەردانی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیای لە ئەنقەرە کرد بۆ راپەڕاندنی هەندێک کار، بەڵام لە کاتی دەرچوونی لە باڵیۆزخانەکە دەستگیر کرا و دواتر رادەستی ئەڵمانیا کرایەوە.
 
دادگاییکردنی ئەو ژنە ئەڵمانییە لە نیسانی 2019دا دەستیپێكرد، بەڵام بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و چەند هۆکارێکی دیکە وایانکرد، دادگاییەکە زوو تەواو نەبێت.
 
چەندین پارێزەر و چالاکڤان کاریان دەکرد بۆئەوەی ئەو ژنە ئەڵمانییە سزا بدرێت. ئەمەل کلوونی، پارێزەری ناسراوی بواری مافەکانی مرۆڤ یەکێک لەو کەسانە بوو کە هاوئاهەنگیی تەواوی لەگەڵ دایکی نوورەدا هەبوو.
 
لە ماوەی رابردوودا چەندین هاووڵاتی لە ئەڵمانیا پەیوەندیدار بە کەیسی داعشەوە دادگایی کراون. لە تشرینی دووەمی 2020دا ژنێکی ئەڵمانی بەناوی "نێرتن" بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تاوانبار کرا، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە کاتی مانەوەی وەکو ئەندامێکی داعش لە سووریا ئەنجامی دابوون.
 
لە تشرینی یەکەمی 2020دا ژنێکی ئەڵمانی - تونسی سزای سێ ساڵ و نیو زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش بەهۆی رۆڵگێڕانی لە "بەکۆیلەکردنی کچێکی کوردی ئێزدی لە سووریا."
 
رێکخراوی داعش لە 3ی ئابی 2014دا هێرشیکردە سەر شنگال و دەوروبەری و مامەڵەیەکی دڕندانەی بەرامبەری کوردانی ئێزدی کرد.
 
داعش سەدانی کوردی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد، 6417 کەسی رفاند کە 3548 کەسیان لە رەگەزی مێ و 2869 کەسەکەی دیکە لە رەگەزی نێر بوون. لەو ژمارەیە 3570 کەسیان رزگار کراون؛ 1208 ژن، 339 پیاو، 1066 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕن.
 
نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی دەڵێت، داعش کاتێک شنگال و دەوروبەری داگیرکرد 68 مەزارگەی تێکدا.
 
ژمارەی کوردانی ئێزدی لە عێراقدا پێش شەڕی داعش 550 هەزار کەس بوو. ئێستا 135 هەزار و 860 کەسیان لەنێو کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و زیاتر لە 120 هەزار کەسیان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.