مەرجەکان

مەرجەكانی بەكارهێنانی دیجیتاڵ پۆرتاڵی رووداو

بەكارهێنانی ئەو كەرەستە نووسراو، دەنگی و وێنەییانەی لە دیجیتاڵ پۆرتاڵی رووداو بڵاوبوونەتەوە و لە ئایندەدا بڵاودەبنەوە، بە كۆمەڵێك مەرجەوە گرێدراوە. هەر بەكارهێنەرێك بەو مەرجانە رازی نەبێت، بۆی نییە بۆ هیچ مەبەستێك سوود لە دیجیتاڵ پۆرتاڵی رووداو وەربگرێت.

مەبەست لە سوودلێوەرگرتنیش: خوێندەوە، گوێلێگرتن، سەیركردن و داونلۆدكردنی هەر كەرەستەیەكە كە لەسەر دیجیتاڵ پۆرتاڵی رووداو، لەكاتی بەكارهێنانیدا، هەیە.

مەرجەكانی رووداو بەم شێوەیەی خوارەوەن:

ـ هەركەسێك تەمەنی لە ١٨ ساڵ بەرەو سەرەوە بێت، دەتوانێ هەموو بەشەكانی ئەم پۆرتاڵە بەكاربهێنێت. هەركەسێك تەمەنی لەخوار ١٨ ساڵەوە بێت، بۆی هەیە بەشێك لە نێوەڕۆكی ئەم پۆرتاڵە، دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە خێزانەكەی (دایك و باوك یان ئەو كەسەی سەرپەرشتیی بەخێوكردن و پەروەردەكردنی دەكات)، بەكاربهێنێت.

تۆڕی میدیایی رووداو بەرپرسیار نییە لەوەی نێوەڕۆكی ئەم پۆرتاڵە لەلایەن بەكارهێنەرانییەوە بە خراپ سوودی لێوەربگیرێت. ـ بەكارهێنەری دیجیتاڵ پۆرتاڵی رووداو ئەوەی قبوڵە كە كاتێك لەسەر مۆبایلەكەی یان كۆمپیوتەرەكەی ڤێرژنێكی نوێی ئەپی رووداو یان ماڵپەڕ دێت، دەكرێ جۆری خزمەتگوزارییەكانی رووداویش بگۆڕدرێت یان مەرجەكانی بەكارهێنان گۆڕانیان بەسەردابێت، بۆیە بە وریاییەوە ئەپەكەی ئەپدەیت دەكاتەوە و دەرەنجامی ئەپدەیتكردنەوەكە هەر شتێك بێتم قبوڵی دەكات.

ـ كۆپی رایتی ئەو كەرەستە نووسراو، بیندراو و بیستراوانەوەی لە دیجیتاڵ پۆرتاڵی رووداو بڵاودەبنەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداوە و بەبێ پرسی رووداو نابێ سەرلەنوێ بۆ كاری میدیایی یان بازرگانی بەكاربهێندرێن. بەكارهێنەری رووداو ئازادە لەوەی ئەو كەرەستانە تەنیا بۆخۆی، بەبێئەوەی پارەی پێ پەیدا بكات بەكاربهێنێت.

ـ بەكارهێنەری دیجیتاڵ پۆرتاڵی رووداو ئەگەر ئەكاونتێكی تایبەت بەخۆی لەسەر ئەم پۆرتاڵە بكاتەوە، سنووری بەكارهێنانی فراوانتر دەبێت و دەشتوانێت بەشداری لە خزمەتگوزاریی (رووداوی تۆ)دا بكات. هەر بەرهەمێك كە لەلایەن بەكارهێنەرەوە نێردرا بۆ (رووداوی تۆ)، دوای گەیشتنی، تۆڕی میدیایی رووداو ئازادە لەوەی بە شێوازی جۆراوجۆر سوودی لێ ببینێت. جا ئەو سوودوەرگرتنە بۆ تەلەڤزیۆن بێت یان رادیۆ یان رۆژنامە یان هەر میدیایەكی دیكەی سەر بە تۆڕەكە. ـ بۆ دانانی كۆمێنت یان ناردنی كەرەستەی میدیایی لە دیجیتاڵ پۆرتاڵی رووداو، دەبێ بەكارهێنەر ئەم مەرجانە رەچاو بكات:

یەكەم: نابێ هەڕەشە و جوێن و سووكایەتی و ناوزڕاندنی كەسی تێدابێت.

دووەم: نابێ یاساشكێنی و هاندان بۆ یاساشكێنیی تێدابێت. مەبەست لە یاساش یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساكانی هەرێمی كوردستانە.

سێیەم: نابێ كۆپی رایتی كەس پێشێل بكات و بەناوی خۆیەوە بڵاوی بكاتەوە.

چوارەم: نابێ ژیانی تایبەتی (پرایڤسی)ی كەسانی دیكە پێشێل بكات.

پێنجەم: نابێ ڤایرۆس، سپام یان هەر شتێكی دیكەی زیانبەخشی بۆ كۆمپیوتەر و مۆبایلی بەكارهێنەرانی دیكە لەگەڵدا بێت.

ـ تۆڕی میدیایی رووداو مافی ئەوە دەپارێزێت كە ئەو كەرەستانە لە هەر كاتێكدا رەش بكاتەوە و بگوازێتەوە كە لەلایەن بەكارهێنەرانەوە بۆ سەر دیجیتاڵ پۆرتاڵی رووداو ئەپلۆد كراون.

ـ لە هەندێك لە هەواڵ و كەرەستەكانی دیكەدا كە لە دیجیتاڵ پۆرتاڵی رووداودا بڵاودەبنەوە، لینكی ماڵپەڕی دیكە رەنگە بەكاربێت، رووداو گەرەنتیی ئەوە ناكات كە ئەو ماڵپەڕانە زیانبەخش نین بۆ ئەو ئامێرانەی بەهۆیانەوە سەردانیان دەكەن. بۆیەش هیچ بەرپرسیارێتییەك لەوبارەوە لەئەستۆ ناگرێت.