رووداو دیجیتاڵ
8 دادگای باڵای هەرێمەکانی ئەڵمانیا بە رووداویان راگەیاند، لە ساڵی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا، 23 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون یان هاوکاریکردنی رێکخراوی داعش دادگایی کراون. بەپێی ئەو ئامارانەی دەست رووداو کەوتوون، 15 دۆسیەی دیکەی گومانلێکراوانی داعش هێشتا لە دادگە ماون و یەکلا نەکراونەتەوە.
دادوەر و گوتەبێژانی 8 دادگا باڵاکەی ئەڵمانیا، ژمارەی ئەو کەسانەی دادگایی کراون لەگەڵ دۆسیەی گومانلێکراوانی داعشیان بۆ کەهی مەحموود، رۆژنامەڤانی تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرا کرد. لە بەدواداچوونەکاندا ناسنامەی ئەو ئەندامانەی داعشیش دیاری کراون کە دادگایی کراون. گوتەبێژێکی داواکاری گشتیی فیدراڵیی ئەڵمانیاش بە رووداوی گوت، ناتوانن ژمارەی لێکۆڵینەوەکان لە دژی گومانلێکراوانی داعش ئاشکرا بکەن.
دادگاکان ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم ئامارانە تەنیا تایبەتن بە ئەوان، بەڵام رەنگە داواکاری گشتیی فیدراڵی و هەرێمییەکان لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی زیاتریش بکەن.
8 دۆسیەی پەیوەندیدار بە داعش لە فرانکفۆرت بەردەوامن
لەو ئامارانەوە دەردەکەوێت کە دادگای باڵای دوسڵدۆرف لە هەرێمی نۆردڕاین-ڤێستفاڵن، بەراورد بە سەرجەم دادگا پەیوەندیدارەکانی دیکە، زۆرترین دۆسیەی دادگاییکردنی ئەندامانی داعشی یەکلاکردووەتەوە. بەڵام دادگای باڵای فرانکفۆرت لە هەرێمی هێسن، بە هەبوونی 8 دۆسیە، زۆرترین ژمارەی دۆسیەی کراوەی هەیە.
بەپێی ئەو ئامارانەی ئاشکرا کراون، لە کۆی ئەو 38 کەسەی دادگایی کراون یان لە قۆناخی دادگاییکردندان، پێنجیان عێراقین. سەبارەت بە دۆسیەکانی دیکەش دەرکەوتووە کە لەنێو گومانلێکراوانی داعشدا، هەڵگری ناسنامەی ئەفغانی، تورکی، سووریایی و ئەڵمانیش هەن.
ئەو ئامارانەی بۆ رووداو خراونەتەڕوو بەم شێوەیەن:
دادگای باڵای دوسڵدۆرف (نۆردڕاین-ڤێستفاڵن)
- 2025 – 2026: 7 گومانلێکراوی داعش دادگایی کراون. بە گوتەی دادگاکە، دوو لەو کەسانە عێراقی بوون و ئەوانی دیکەش هەڵگری وڵاتینامەی تورکیا، سووریا و ئەڵمانیا بوون.
- 3 دۆسیەی دیکەی پەیوەندیدار بە داعش هێشتا بەردەوامن.
دادگای باڵای بایرن (بایرن)
- 2025: یەک تۆمەتباری ئەندامی داعشی هەڵگری وڵاتینامەی ئەڵمانیا دادگایی کراوە.
- دۆسیەی کراوە: یەک دۆسیە.
دادگای باڵای شتوتگارت (هەرێمی بادن-ڤویرتمبێرگ)
- لە 2025دا دوو ئەندامی داعش و لە 2026دا یەک ئەندامی داعش دادگایی کراون. لە نێو ئەو چەکدارانەی داعش کە دادگایی کراون، هەڵگری ناسنامەی سووریایی، عێراقی، تورکی و ئەڵمانی هەبوون.
- دۆسیەی کراوە: یەک کەس.
دادگای باڵای فرانکفۆرت (هێسن)
- دادگاییکردن: لە 2025دا دوو ئەندامی داعش و لە 2026دا دوو ئەندامی داعش. بەپێی دادگاکە، کەسانی ئەڵمانی بە رەچەڵەک بیانیشیان تێدا بووە.
- دۆسیەی کراوە: 8 دۆسیەی پەیوەندیدار بە داعش بە کراوەیی ماونەتەوە.
دادگای باڵای سێلە (هەرێمی نیدەرزاکسن)
- 2025 – 2026: چوار گومانلێکراوی داعش دادگایی کراون. بە گوتەی دادوەر، لە نێو ئەو کەسانەدا کە دادگایی کراون، یەکێکیان ئەڵمانی، یەکێکی دیکە ئەڵمانی بە رەچەڵەک عێراقی، یەکێکیان ئەڵمانی-تونسی و یەکێکی دیکەشیان ئەڵمانی-لوبنانی بووە.
دادگای باڵای کۆبلێنز (راینلاند-پفالتس)
- 2025 – 2026: دادگاییکردنی یەک گومانلێکراوی داعش.
دادگای باڵای هەرێمی تورینگن
- لە 2025دا دوو ئەندامی داعش و لە 2026دا یەک ئەندامی داعش دادگایی کراون. سەبارەت بە ناسنامەکانیان، دادگاکە رایگەیاند کە دوو هاووڵاتیی ئەفغانی و یەک سووریایی هەبوون.
- یەک دۆسیە کە پەیوەندی بە گومانلێکراوێکی داعشەوە هەیە کە هەڵگری ناسنامەی عێراقییە، هێشتا کراوەیە.


