رووداو دیجیتاڵ
پرۆگرامی جیهانیی خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە قووڵبوونەوەی قەیرانی برسێتی لە کەرتی غەززە دەدات، دوای ئەوەی بەهۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەی داراییەوە ناچار بوو هاوکارییەکانی مانگانەی بۆ نیو ملیۆن فەلەستینی لەو کەرتە رابگرێ.
بەم کەمکردنەوەیە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە غەززە مانگانە هاوکاریی خۆراک یان پارەی نەختینە لەو ئاژانسە وەردەگرن، بۆ 1.1 ملیۆن کەس دادەبەزێ کە دەکاتە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی کەرتەکە؛ هاوکات بڕی هاوکارییەکانیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکرێنەوە.
شۆن هیوز، بەڕێوەبەری نووسینگەی پرۆگرامی جیهانیی خۆراک لە فەلەستین گوتی: "خەڵک سەلامەت نین. هێرشە ئاسمانییەکان رۆژانە بەردەوامن و ئاوارەبوونیش کۆتایی نەهاتووە. نزیکەی هەموو کەسێک بێ ماڵ و حاڵی هەمیشەییە و دۆخە مرۆییەکەش زۆر خراپە."
قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی کۆمەک
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ شەش مانگی داهاتوو پێویستی بە 450 ملیۆن دۆلارە بۆ بەردەوامیدان بە کارەکانی لە غەززە و کەرتی رۆژئاوا، بەڵام لە ساڵی 2026ـدا تەنیا نیوەی ئەو بودجەیەی دەستکەوتووە کە بە شێوەیەکی ئاسایی وەریدەگرت.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کورتهێنانە داراییە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی. واشنتن بە شێوەیەکی بەرچاو هاوکارییە داراییەکانی بۆ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوکارییەکانی بۆ فەلەستین کەمکردووەتەوە.
لە کەرتی رۆژئاواش، ئاژانسەکە لە مانگی ئەیلوولەوە ناچار بووە ژمارەی سوودمەندانی لە 400 هەزار کەسەوە بۆ 200 هەزار کەس کەم بکاتەوە. شۆن هیوز هۆشداری دا و گوتی: "ئێستا ئەو کاتە نییە لە مێژووی فەلەستین و غەززەدا کە پشت بکەینە ئەم خەڵکە، چونکە نەمانی پارە، نەوەک نەبوونی رێڕەوی مرۆیی، بووەتە هۆکاری سەرەکیی کەمکردنەوەی هاوکارییەکانمان."
کەمکردنەوەی بەشەخۆراک و پارەی نەختینە
پڕۆگرامی جیهانیی خۆراک بۆ ئەوەی بە تەواوی پرۆگرامەکانی رانەگرێ، بڕیاری داوە بڕی هاوکارییەکان کەم بکاتەوە. بەپێی رێکارە نوێیەکان:
- ئەو خێزانانەی پێشتر دوو کارتۆن خۆراکیان وەردەگرت، ئێستا تەنیا یەک کارتۆنیان پێدەدرێ لەگەڵ بڕێکی کەمتر لە ئاردی گەنم.
- ئەو 75 هەزار خێزانەی مانگانە هاوکاریی نەختینەیان پێدەدرا، بڕەکەیان لە 1250 شیکڵ (400 دۆلار) بۆ 750 شیکڵ (240 دۆلار) کەم دەکرێتەوە.
- پێدانی ژەمە خواردنی گەرم لە چێشتخانە گشتییەکان بۆ دوو رۆژ جارێک کەم دەکرێتەوە.
مەترسیی قاتوقڕی
سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستەکەی مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا راگەیێندرا، توانی کەرتی غەززە لە قەیرانی قاتوقوڕی رزگار بکات، بەڵام دۆخەکە هێشتا زۆر هەستیارە.
بەپێی نوێترین هەڵسەنگاندنی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی، 1.4 ملیۆن کەس (واتە دوو لەسەر سێی دانیشتووانی غەززە) بەدەست "نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە" دەناڵێنن.
هاوکات، نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتی لە قۆناخی چوارەمی ناسەقامگیریی خۆراکدان (قۆناخی فریاگوزاریی بەپەلە)، کە تەنیا یەک هەنگاو لە قاتوقڕییەوە دوورن.
رێکخراوی یونیسێفیش ئاماژەی بەوە کردووە کە یەک لەسەر هەشتی منداڵانی غەززە بەدەست بەدخۆراکیی درێژخایەنەوە دەناڵێنن و رەنگە زیانی هەمیشەیی بە گەشەی جەستە و مێشکیان گەیشتبێت.
هۆکارێکی دیکەی ئەستەم گەیاندنی هاوکارییەکان، ئەو رێوشوێنە تووندانەیە ئیسرائیل سەپاندوونی. گەمارۆدانی کەرتی غەززە، رێگریکردن لە هاوردەکردنی سووتەمەنی و پارچەی یەدەگ، وێرانکردنی ژێرخانی کشتوکاڵی و رێگریکردن لە ماسیگران، وایکردووە تێچووی گەیاندن و کۆگاکردنی هاوکارییەکان لە غەززە زۆر گرانتر بێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی جیهان.



