رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی یۆنان دەڵێن، 12 کۆچبەر لە کاتی پەڕینەوەیاندا لە دەریای ئیجە گیانیان لەدەستداوە. چالاکڤانێکیش دەڵێت، یەکێک لە بەلەمەکان ویستوویەتی لە پۆلیس هەڵبێت و خۆی کێشاوە بە بەلەمی پۆلیسدا و بەگشتی 20 کەسیش رزگار کراون.
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ئەمڕۆ دووشەممە 19-10-2026 بڵاویکردەوە، لە نزیک دوورگەی لێسبۆس دوو بە یەکدییاندا کێشاوە و لە ئەنجامدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە کە منداڵێکی ساوا و چوار ژن لەنێو قوربانییەکاندان.
بەگوێرەی پاسەوانی کەناراوەکان، شەش مردووەکەی دیکە لەنێو بەلەمێکی بچووکدا بوون کە لە نزیک دوورگەی سامۆس ژێر ئاو کەوتووە.
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رووداوێکیاندا بەلەمێک خۆی ژێر ئاوکەوت و شەش کەس گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا چوار ژن و منداڵێک هەن، لە هەمان رووداودا هەشت کەس رزگار کران".
لەبارەی رووداوی دووەمەوە رەنج پشدەری گوتی: "بەلەمێکی خێرا بووە کە تیسەری پێ دەگوترێ و زۆر خێرایە، پۆلیس ویستوویەتی دەستگیریان بکات و رایانبگرێ، بەڵام ویستوویانە هەڵبێن و لە ئەنجامدا خۆیان کێشاوە بە کەشتییەکەی پۆلیسدا و رووداوەکەی لێکەوتووەتەوە".
بەگوتەی رەنج پشدەری، لەو رووداوەشدا شەش کەس خنکاون و 12 کەسی دیکە لەلایەن پۆلیسەوە رزگار کراون.
لەبارەی ناسنامەی قوربانییەکانەوە کە کوردیان تێدایە یان نا، ئەو چالاکڤانەی کۆچبەران گوتی: "ناسنامەیان نادیارە، رووداوەکە نوێیە و تاوەکو ئێستا پۆلیس باسی لە ناسنامەکانیان نەکردووە".



