وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: ئامادەین هاوئاهەنگییەکانمان لەگەڵ عێراق بەهێز بکەین

25-12-2023
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین
A+ A-
رووداو - چین 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، " لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی عێراق دەکەین و ئامادەین هاوئاهەنگییەکانمان لەگەڵ عێراق بەهێز بکەین."
 
رۆژی دووشەممە، 25-12-2023، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عێراق هاوبەشێکی گرنگی چینە لە بونیاتنانی پڕۆژەی پشتێن و رێگە (رێگەی ئاوریشمی نوێ)، لەو ساڵانەی دواییدا هاوئاهەنگیی کردەیی لە نێوان چین و عێراق "قووڵتر و گەورەتر" بووە.
 
ماو نینگ دەڵێت، " پەیوەندییەکانمان سوودی بەرجەستەی بۆ گەلی هەردوو وڵات و پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات هەبووە، هەروەها چین لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەمنی عێراق دەکات، ئێمە ئامادەین هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق بەهێز بکەین، پێکەوە سەلامەتی و پەرەپێدانی بێ کێشەی پڕۆژەکانی هاوکاری دوولایەنە مسۆگەر بکەین."
 
پێشتریش لە 20ـی تشرینی دووەمی 2023، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی جێگرتنەوەی کۆمپانیای ئێکسن مۆبیلی ئەمریکی لەلایەن کۆمپانیای پێترۆچاینای چینی لە کێڵگەی نەوتی قورنەی بەسرە، وەڵامی مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە چین دایەوە و گوتی، "ئێمە ئامادەین هەوڵی هاوبەش لەگەڵ لایەنی عێراقی بدەین بۆ هاندانی هاوکاریی پراکتیکیی بەردەوام لە بوارە جیاجیاکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشکەوتنی نوێ بەشێوەیەکی بەردەوام."
 
ماو نینگ گوتی، "چین و عێراق پەیوەندییەکی دۆستانەیان هەیە. وەکو دۆستێکی راستەقینەی گەلی عێراق، چین بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداریی لە بونیادنانەوەی ئابووریی عێراقدا کردووە. بەشداریی ئەرێنی لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا کردووە و لەلایەن حکومەتی عێراق و خەڵکیشەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان ستایشی کراوە."
 
رۆژی 26-11-2023 ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق، لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و چینەوە لە سەروبەندی رێوڕەسمی دامەزراندنی ئەنجوومەنی کاری عێراقی- چینی رایگەیاند، "وەبەرهێنانی گەورە لەنێوان عێراق و چین هەیە، عێراق دەیەوێت سوود لە توانای سیاسی و ئابووریی چین وەربگرێت، کە ماوەی 65 ساڵ دەبێت پەیوەندیی هەردوولا بوونی هەیە، بەتایبەت لایەنی دیپلۆماسی."
 
پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی نێوان عێراق و چین بۆ ساڵی 1997 دەگەڕێتەوە، کە رێککەوتننامەی هاوئاهەنگیی بازرگانی و ئابووریی تێدا واژۆکرا.
 
وەزیری بازرگانیی عێراق گوتی، عێراق بایەخی تایبەت بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ چین دەدات بەتایبەت لە رێگەی پڕۆژەی گەشەپێدانی عێراقی کە ناوچەکە لەڕووی ئابوورییەوە دەگوێزێتەوە بۆ قۆناخێکی دیکە و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی شمەک لە ئەوروپاوە بۆ کەنداو و بە پێچەوانەوەشەوە لەرێگەی عێراقەوە ئاسان دەکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە