رووداو دیجیتاڵ
کاش پاتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا دەڵێ، توانیویانە ئیبراهیم خەلدوون حیلمی، تۆمەتباری گەورەترین دۆسیەی فێڵکاریی دارایی لە مێژووی ئەمریکادا دەستگیر بکەن. ئەو هاووڵاتییە بە بردنی 3.7 ملیار دۆلار لە سیستمی بیمەی تەندروستیی ئەمریکا تۆمەتبارە.
ئیبراهیم حیلمی لە مانگی ئایاری 2025ـەوە هەڵاتبوو و لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە داواکراو بوو، بەڵام دواجار لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە دەرەوەی ئەمریکا دەستگیرکرا. کاش پاتێل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوکاریی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، وەزارەتی داد و هاوبەشەکانیان لە تورکیا ئەنجامدراوە.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا گوتی، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی رادەستکردنەوە، تۆمەتبارەکە گەڕێندراوەتەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوەکو رووبەڕووی دادگە بکرێتەوە.
پاتێل گوتی: "ئەو تۆمەتبارە زیاتر لە ساڵێک بوو هەڵاتبوو، بەڵام دواجار دەستگیرمان کرد."
کاش پاتێل ئەم دەستگیرکردنەی وەک "سەرکەوتنێکی گەورە" لە جەنگی دژی فێڵبازان لە قەڵەم دا و دەڵێ: "ئەمە سەرکەوتنێکی مێژووییە بۆ ئیدارەی ترەمپ و نیشانی دەدات کە هەر تۆمەتبارێ دەست بۆ پارەی باجدەرانی ئەمریکی ببات، دەستگیر دەکرێ، گرنگ نییە لە کوێی جیهان خۆی حەشار دەدات."
بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا سوپاسی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کرد و رایگەیاند، ئەو دیپلۆماتە "هاوبەشێکی بێ وێنە و کاریگەر" بووە لەم دۆسیەیەدا. پاتێل ئاماژەی بەوە کرد کە بێ هەوڵە بێ وچانەکانی تۆم باراک، ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە و دەستگیرکردنی ئیبراهیم حیلمی ئەستەم دەبوو.



