رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێ، ژمارەی ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەی بەهۆی جەنگ و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە کێشە بۆ خوێندنیان دروست بووە، 250 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، کە نزیکەی 100 ملیۆنیان بە تەواوی لە پرۆسەی خوێندن چوونەتە دەرەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، لە 18 مانگدا ژمارەی ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەی بەهۆی قەیرانە جۆراوجۆرەکانەوە کاریگەرییان لەسەر دروستبووە 21 ملیۆن کەس زیادی کردووە و کۆی گشتی گەیشتووەتە 258 ملیۆن منداڵ و مێرمنداڵ لە سەرانسەری جیهان.
راپۆرتەکە دەریدەخات کە 93 ملیۆن منداڵ بە هیچ شێوەیەک ناچنە قوتابخانە؛ هەروەها 60٪ـی کۆی گشتیی ئەو منداڵانەی لە خوێندن دابڕاون، لە نۆ وڵات دەژین، ئەوانیش ئەفغانستان، بەنگلادیش، کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، ئەسیوپیا، میانمار، نایجیریا، پاکستان، سوودان و یەمەنن.
بەپێی راپۆرتەکە، جەنگ و تووندوتیژی هۆکاری سەرەکیی وازهێنانی منداڵانن لە قوتابخانە، دوای ئەوانیش ئاوارەبوون و گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانە ئابوورییەکان دێن.
مەیسا جەلبووت، بەرپرسێکی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: "بەڵگەکان روونن؛ جەنگ و گۆڕانی کەشوهەوا ئەو دەستکەوتانە لەنێودەبەن کە بە زەحمەت لە کەرتی پەروەردەدا بەدەستهاتوون. ئێستا کاتی ئەوەیە وەبەرهێنان لە داهاتووی ئەو منداڵانەدا بکەین کە بەهۆی قەیرانەکانەوە بێبەش بوون."
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ئامارانە نیشانی دەدەن پێویستییەکان لە کوێدا زۆرترینن و دەبێت وڵاتانی جیهان هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی منداڵان بۆ نێو پۆلەکانی خوێندن چڕتر بکەنەوە.



