رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، کۆتایهێنان بە شەڕ لە ناوچەکەدا بە چارەسەرکردنی پرسی گرووپە بریکارەکانی تارانەوە گرێدراوە و دەڵێت "ئەستەمە دووژمنکارییەکان بووەستن تاوەکو ئەو گرووپانە لە عێراقەوە درۆن و مووشەک ئاراستە بکەن؛" ئاماژە بەوەش دەکات، واشنتن رێگە نادات ئێران هیچ باجێک بەسەر رێڕەوی نێودەوڵەتیی تەنگەی هورمزدا بسەپێنێت.
رۆژی سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، مارکۆ روبیۆ لە دەستپێکی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو لە ئەبوزەبیی ئیمارات، تیشکی خستە سەر رۆڵی گرووپە بریکارەکانی ئێران لە عێراق و ناوچەکە و گوتی: "ئەستەمە کۆتایی بە دووژمنکارییەکان بهێندرێ تاوەکو ئەو کاتەی گرووپە بریکارەکانی ئێران مووشەک و درۆن لە عێراقەوە ئاراستە بکەن و بەشداری لە تیرۆریزم بکەن، وەک ئەوەی حەماس و حیزبوڵڵا کردیان. بۆیە ئەمە پرسێکی سەرەکییە و لەم دانوستاندنانەدا قسەی لەسەر دەکرێ."
پەیامێک بۆ ئێران لەسەر تەنگەی هورمز
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی تووندیشی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: "تەنگەی هورمز رێڕەوێکی نێودەوڵەتییە و هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە باج یان تێچوو لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان دابنێت."
ئەم لێدوانەی روبیۆ وەک وەڵامێک هات بۆ راگەیێندراوی هاوبەشی ئێران و عومان کە تێیدا جەختیان لە "سەروەریی" خۆیان بەسەر تەنگەکەدا کردبووەوە و باسیان لە وەرگرتنی تێچووی خزمەتگوزاریی لە کەشتییەکان دەکرد.
پێشتر محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری ئێران رایگەیاندبوو کە دۆخی تەنگەی هورمز "هەرگیز ناگەڕێتەوە" بۆ سەردەمی پێش جەنگ، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی تاران دەیەوێت کۆنترۆڵێکی زیاتری بەسەر ئەو رێڕەوە ستراتیژییەدا هەبێت.
دۆسیەی ئەتۆمی و بەرەی لوبنان
هاوکات رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی ئێران، عومان و ئەمریکا، دەست دەکەن بە رزگارکردن و گواستنەوەی زیاتر لە 11 هەزار دەریاوان کە بەهۆی گەمارۆکانی سەر تەنگەی هورمزەوە لەنێو کەشتییەکانیان گیریان خواردووە. رێکخراوەکە دەڵێ، گەرەنتیی ئەمنیی پێویستیان بۆ ئەم کارە وەرگرتووە.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، هێشتا لێدوانی دژبەیەک دەبیسترێ. لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئێران بە "بەرزترین ئاستی پشکنین" رازی بووە، ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە رێگە بدەن پشکنەران سەردانی ئەو بنکە ئەتۆمییانە بکەن کە ساڵی رابردوو بۆردوومان کراون.
لە بەرەی لوبنانیشەوە، گەڕی پێنجەمی دانوستاندنەکانی نێوان بەرپرسانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن دەستیپێکرد. روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتی لوبنان دەکەن و پەیوەندی بە سەرۆک جۆزێف عەونەوە کردووە، بەڵام جەختی کردەوە کە "پشتگیریکردنی حیزبوڵڵا لەلایەن ئێرانەوە" وەک بەشێک لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تاران باس دەکرێت. ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە رێگە بە پشکنەرانی نێودەوڵەتی بدەن سەردانی ئەو بنکە ئەتۆمییانە بکەن کە لە جەنگی ساڵی رابردوودا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراون.


