رووداو - هەولێر
دیارترین ژنە دیموکراتی ئەمریکا، نانسی پیڵۆسی دەستپێکردنی لێپێچینەوەی فەرمیی بۆ لەسەرکارلادانی دۆناڵد ترەمپ راگەیاند و، دەڵێ ترەمپ خیانەتی لە سوێندەکەی کردووە کاتێک داوای یارمەتیی لە دەسەڵاتێکی دەرەکی کردووە بۆ ئازاردانی جۆو بایدن، کێبڕکێکارە دیموکراتەکەی.
ئەم جوڵە درامییە، هەنگاوی یەکەمە لە پرۆسەیەکی ئاڵۆز کە چانسێکی کەمی هەیە سەربگرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەهۆیەوە لەکارلابدرێت، ئەمەش تەنیا پێش 14 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە پڕە لە مەترسی بۆ ترەمپ.
نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گوتی "رایدەگەیەنم ئەنجوومەنی نوێنەران دەستدەکات بە لێپێچینەوەیەکی فەرمی لەگەڵ ترەمپ. کارەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئەو راستیە دەردەخەن: سەرۆک خیانەتی لە سوێندی سەرۆکایەتییەکەی کردووە، خیانەتی لە ئاسایشی نیشتمانی و خیانەتی لە بێگەردیی هەڵبژاردنەکانیشمان کردووە".

دیموکراتەکان ترەمپ بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات تۆمەتباردەکەن و، دەڵێن پاڵەپەستۆی خستووەتە سەر سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئۆکراینا، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی "گەندەڵیی" جۆو بایدن، کێبڕکێکاری سەرەکیی و هەنتەری کوڕی بکات.
ترەمپ لەبارەی بەفەرمی لێپێچینەوە لەگەڵی دەڵێ "هەنگاوێکی جادووگەرانەی پیسی دیموکراتەکانە... ئەوە تەنانەت یارمەتیم دەدات لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 چانسی سەرکەوتنم زیاتر بێت".
ترەمپ لە 25-7-2019 پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئەنجامداوە، دیموکراتەکان دەڵێن لەم هەفتەیەدا بۆیان ئاشکرا بووە داوای لێکردووە یارمەتیی بدات لە لێکۆڵینەوە لە جۆو بایدن و هەنتەری کوڕی، کە کاری بازرگانییان لە ئۆکراینا ئەنجامداوە، لەبەرامبەردا ترەمپ یارمەتیی پێشکەشی ئەو وڵاتە دەکات، بەڵام ترەمپ دەڵێ، پەیوەندییەکە دۆستانە بووە و هیچ شتێکی وای تێدا نەبووە، بۆیە "دەقی گوتەکانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەم لەگەڵ ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بڵاودەکەمەوە".
پیڵۆسی و دیموکراتە دیارەکانی دیکە ماوەی چەند مانگێکە خۆیان لەو هەنگاوە بەدوورگرتووە و رایانگەیاندووە دەیانەوێت زیاتر فۆکەس بخەنە سەر شەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمەتانە کە دەڵێن ترەمپ لەپێناو زیانگەیاندن بە جۆو بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ کۆشکی سپی پێشنیازەکەی کردووە، وایکرد بەکردەیی هەنگاو بنێن.

نانسی پیڵۆسی دەڵێ "پێویستە ترەمپ لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت، هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە... لەسەر بنەمای ئەو راستییانەی لەبەردەستماندان، دەستپێکردنی لێپێچینەوەی فەرمی بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەمریکا لە دەسەڵات، رادەگەیەنم و، داوا لە هەر شەش لیژنەی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەم لەچوارچێوەی ئەو پرۆسەیەدا، دەستبەکارەکانیان بکەن".
بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، ئەگەر لیژنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڵگەی پێویستیان لەو بارەیەوە کۆکردەوە، ئەوا لیستی تۆمەتەکان دژی ترەمپ دەخرێنە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەری.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە 435 کورسی پێکهاتووە، کە زیاتر لە 150 ئەندامی دیموکرات لە کۆی 235 ئەندامیان هاوڕابوون بۆ ئەو لێپێچینەوەیە، بەڵام هەتاوەکو ئێستاش هیچ کۆمارییەک لەگەڵ لێپێچینەوەکەدا نییە، کە خۆیان کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی پیران دەکەن، ئەمەش دەریدەخات رەنگە لێپێچینەوەکە سەرنەگرێت.
لە مێژووی ئەمریکادا هیچ سەرۆکێکی ئەو وڵاتە لەڕێگەی لێپێچینەوە لەسەرکار لانەدراوە، بەڵام تەنیا هەڕەشەکردن بە لێپێچینەوە، لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی سەرۆک لە پۆستەکەی لابچێت، وەک لە ساڵ 1974 ریچارد نیکسۆن، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا بۆ ئەوەی لە سکانداڵ دووربێت، پێش لێپێچینەوە لێی، دەستی لەکارکێشایەوە.
دوو سەرۆکی ئەمریکاش بەفەرمی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە، هەریەک لە ئاندرۆ جۆنسن، لە ساڵی 1868 و بیڵ کلینتن لە ساڵی 1998، بەڵام هەردووکیان لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە بە بێتاوان دەرچوون.



