رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە سەرجەم لایەنە کوردییەکان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندنەوە کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان چارەسەر بکەن؛ هاوکات ئامادەیی خۆیشیان دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی پرۆسەی گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان.
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو سەبارەت بە نیگەرانییەکانی سکرتێری گشتی لە ئەگەری قوڵبوونەوەی گرژییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە هیوای رێکخراوەکەیان بەردەوامیی دانوستاندنە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر دابەشبوونێک بکرێت و سەقامگیری ناوچەکە پارێزراو بێت.
دەقی پرسیار و وەڵامی پەیامنێری رووداو و جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
رووداو: گرژی لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات. یەکێک لە دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمەکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کشاوەتەوە و هەڕەشەی کردووە حکومەتێکی رکابەر لە سلێمانی پێک بهێنێت. دوایین جار کە ئەم دوو پارتە لێک جیابوونەوە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا بوو. ئەوەش بووە هۆی شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی کە زیاتر لە سێ ساڵی خایاند و دەیان هەزار کەسی ئاوارە کرد. سکرتێری گشتی تاوەکو چەند لە ئەگەری دابەشبوونی کوردستان و لێکەوتە فراوانترەکانی لەسەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بە گشتی نیگەرانە؟
فەرحان حەق: هیوای ئێمە ئەوەیە هەموو لایەنە کوردییەکان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بەردەوام بن لە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر و کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان چارەسەر بکەن. وەک دەزانیت، کاتێک نێردەیەکی UN بۆ هاوکاری لە عێراق هەبوو، ئێمە یارمەتی ئەو گفتوگۆیەمان دەدا. بێگومان ئێمەش، بە هەر بوونێک کە لە مەیدان هەمانبێت، هەر ئامادە دەبین یارمەتی ئەو گفتوگۆیە بدەین. بەڵام بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت لایەنەکان بەردەوام بن لەسەر ئەو شێوازەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا توانیویانە بە دانوستان مامەڵە لەگەڵ کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان بکەن.
.jpg&w=3840&q=75)


