رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە گومانی خستەوە سەر پاکی و شەرعیەتی هەڵبژاردنەکانی نیوە خولی کۆنگرێس و دیموکراتەکانی "ساختەکاری" تۆمەتبار کرد؛ ئەمەش دوای ئەوەی کۆمارییەکان زۆرینەی لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیراندا لەدەستدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیەڵ" هێرشی کردە سەر پرۆسەکە و نووسی: "ئایا بەڕاستی کەس هەیە باوەڕ بکات ئەم هەڵبژاردنە بە دەستپاکی بەڕێوەچووبێت؟! چۆن دەکرێت راپرسییەکان هێندە هەڵە بن؟!"
سەرۆکی ئەمریکا بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک، بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە دەنگدانی پێشوەختەدا ساختەکاریی بەکۆمەڵ کراوە و دەستکاریی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی ژماردنی دەنگەکان کراوە بە مەبەستی دۆڕاندنی کۆمارییەکان، هەروەها گوتیشی: "لەبری دەنگدەران، ئامێرەکان کراونەتە بڕیاردەری سەرەکی لەم هەڵبژاردنەدا."
ئەم گومان دروستکردنەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە لە شەوی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکاندا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەڵوێستێکی نەرمتری پێشان دابوو و گوتبووی: "من بە تەواوی ئامادەم دان بەم ئەنجامانەدا بنێم"، بەڵام پۆستە نوێیەکەی پاشەکشەیەکی ئاشکرایە لەو هەڵوێستەی پێشووی.
دۆناڵد ترەمپ مێژوویەکی لە دروستکردنی گومان لەسەر سیستم و ئامێرەکانی هەڵبژاردن لە ئەمریکا هەیە، بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2020 بەرامبەر جۆ بایدن کە تاوەکو ئێستاش سوورە لەسەر ئەوەی بردنەوەکەی لێ دزراوە، لە کاتێکدا دەسەڵاتی دادوەری و دەزگا فیدراڵییەکان سەرجەم ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

