رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، قەتەر پێی باشترە کێشەکان لەگەڵ تاران لە رێگەی چارەسەری ئاشتییانەوە یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمریکا هەر کاتێک بیەوێت، بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی پێویست ئامادەیە.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، دوای گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە کۆشکی سپی، گوتی: "قەتەر پێی باشترە چارەسەرێکی ئاشتییانە ببینێت، بەڵام ئێمە لە هەر کاتێکدا بمانەوێت بۆ هێرشکردن ئامادەین."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە دەوحە لە هەوڵێکی چڕی نێوەندگیریدایە بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و رێگریکردن لە دەستپێکردنەوەی شەڕی فراوان لە نێوان واشنتن و تاراندا.
ترەمپ تاوتوێی رەشنووسێکی پێشنیازکراوی تاران دەکات کە لەڕێگەی بەرپرسانی قەتەرەوە گەیێندراوەتە واشنتن لەبارەی مەرجەکانی بۆ راگرتنی شەڕ؛ بەڵام ئیدارەی ئەمریکا هەڵوێستێکی نەرێنی بەرامبەر بە نێوەڕۆکی پێشنیازەکە پێشانداوە و وەزیری دەرەوەش بە "قبووڵنەکراو" ناوی دەبات.
رەشنووسە پێشنیازکراوەکەی ئێران، کە دوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی تاران و دەوحە ئامادەکراوە، داوای ئاگربەستێکی قۆناخبەند دەکات؛ بە شێوەیەک سەرەتا هێرشە سەربازییەکان رابگیرێن و دواتر دانوستاندن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئەو وڵاتە دەستپێبکات.
بەڵام لە نێو کۆشکی سپی پێشوازییەکی ئەوتۆ لەم پێشنیازە نەکراوە کە شەڕ لە قۆناخی یەکەمدا رابگیرێت بێ ئەوەی دەستبەجێ پرسی ئەتۆمی یەکلایی بکرێتەوە. لەوبارەیەوە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە پێشنیازەکانی ئەم دواییەی ئێران بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین.
سەرەڕای کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی قەتەر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی بۆ نێوەندگیری، بەڵام ئاسۆی گەیشتن بە کۆتاییهاتنێکی خێرا بۆ ئەم جەنگەی چەندین مانگە بەردەوامە، هێشتا تاریک و ناڕوونە.

.jpg&w=3840&q=75)

