رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت پرۆسەی راییکردنی داواکارییەکانی مافی پەنابەرێتی خێراتر بکات، لە کاتێکدا ئامارە فەرمییەکان پێشانی دەدەن ساڵی رابردوو زیاتر لە 160 هەزار داواکاری لەسەر یەک کەڵەکە بوون.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە لە لایەن میدیای بەریتانییەوە دزەی پێکراوە، چیدیکە چاوپێکەوتن لەگەڵ پەناخوازاندا ناکرێت، بەڵکو لە بری ئەوە، فۆرمێکیان بۆ دەنێردرێت بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی تێدا بدەنەوە.
فۆرمەکە بۆ پەناخوازانی خەڵکی ئەفغانستان، ئەریتریا، لیبیا، سووریا و ئەو وڵاتانەی دیکە دەنێردرێت کە رێژەی وەرگرتنیان 90٪ـە.
ئەم هەنگاوەی بەریتانیا لە هەردوو بەرەی داکۆکیکار و دژبەری کۆچبەرانەوە نیگەرانی لێکەوتووەتەوە. خاچی سوور هۆشداری دەدات کە هەنگاوەکە "کاریگەریی وێرانکەری" لەسەر ژمارەیەک لە پەناخوازەکان دەبێت. هەندێک لە میدیای بەریتانیاش دەڵێت، ئەوە وەکو "لێبوردنی گشتییە" بۆ هەزاران کۆچبەر.
لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2022دا 160 هەزار و 919 پەناخواز لە بەریتانیا چاوەڕێی بڕیاری حکومەت بوون لەسەر داواکارییەکانیان کە بەشێکیان ماوەی زیاتر لە 6 مانگ بوو لەو دۆخەدا بوون. ئەو ژمارەیە دەریدەخات کە بەراورد بە ساڵێک پێشتر، ژمارەکە 60 هەزار کەس زیاتر بووە.
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنیداوە کە داواکارییە کەڵەکەبووەکان تا کۆتایی ئەمساڵ کەمبکاتەوە و ئەو بەلەمانەش بووەستێنێت کە لە نۆکەندی ئینگلیزی دەپەڕنەوە.
ساڵی 2022، زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە لە ئەوروپاوە پەڕیونەتەوە بەریتانیا، واتە 17 هەزار زیاتر بەراورد بە ساڵی پێشتر.



