رووداو دیجیتاڵ
ئێستا بەندەرەکانی ئیزمەیڵ، رێنی و ئوست دانووب لەسەر رووباری دانووب لە باشووری رۆژئاوای ئۆکراینا، تەنیا رێڕەوی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئەو وڵاتەن بەنێو دەریای رەشدا، ئەوەش دوای ئەوەی 18ـی ئەم مانگە رووسیا لە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراینا کشایەوە، کە لە تەممووزی 2022 بە نێوەندگیریی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆکرا.
بۆیە کۆمپانیا کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتە، هەوڵی دروستکردنی بەندەری زیاتر لەسەر رووبار دەدەن.
میخایلۆ ریزاک، بەڕێوبەری گەشەپێدان لە کۆمپانیای نیبولۆن دەڵێ "تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 18.5 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانمان لە گواستنەوە بە رووباری دانووبدا کردووە و بەهۆی قەدەخەکردنەکەشەوە هەوڵدەدەین توانای رووبارەکە بۆ هەناردەکردنی 300 هەزار تۆن دانەوێڵە لە مانگێکدا، بەرزبکەینەوە."
لە 2021ـدا ئۆکراینا 160 هەزار کیلۆمەتر زەوی بە دانەوێڵە چێندراوی هەبووە و لەماوەی ئەو ساڵەی رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵەشدا 33 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی هەناردەکردووە.
رێکخراوی خۆراکی جیهانی دەڵێت، وەستانی رێککەوتنەکە بەرێژەی 6.7٪ نرخی دانەوێڵەی لە جیهان بەرزکردووەتەوە؛ چاوەڕێش دەکرێت بەو هۆیەوە، 50 ملیۆن کەس لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا دووچاری برسیێتی ببنەوە.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، دانەوێڵە لە بەندەرەکانی کۆرۆمۆرسک، پێڤیدنی و ئۆدێساوە بە رێڕەوەکەدا کە تەنیا 5 کیلۆمەتر پانە بەرەو ئیستەنبووڵ دەڕۆیشتن، لەوێشەوە هەناردەی جیهان دەکران، بەڵام رووسیا کۆنترۆڵی کردووە.
بۆیە ئۆکراینا ئێستا لە هەوڵدایە، رێڕەوی نوێ بدۆزێتەوە، لەوانەش رووباری دانووب، بەندەری کلەیپێدا لە لیتوانیا، بەندەرەکانی گدانسک، گدینیا و سوینۆسی لە پۆڵەندا و بەندەری کۆنستانتا لە رۆمانیا.
کۆمپانیاکانی کشتوکاڵی ئۆکراینی دەڵێن، ئەو رێڕەوانە چارەسەر نین و کرێی گواستنەوەیان زیاترە و هەناردە دوادەخەن.
باس لەوەشدەکەن، ئەگەر لەزووترین کاتدا رێککەوتنەکە دەستپێنەکاتەوە، کاریگەریی گەورە لەسەر ئاسایشی خۆراک دروستدەبێت و زیانی گەورەش بە دانەوێڵەی ئۆکراینا دەکەوێت.
لیودومیا مارتینیاک ئۆکراینییە، دەڵێ "بەدڵنیاییەوە نرخی گواستنەوە زۆر گرانە؛ چونکە نرخی ئامێرەکانی گواستنەوەش گرانن. تاوەکو زیاتر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، دەبێت پارەی زیاتر بە گواستنەوە بدەین، چونکە ئەوکاتە ناچاردەبین بە وشکانیدا دانەوێڵەکە هەناردە بکەین، ئەوەش نرخەکەی یەکجار زۆرە. بەڵام ناچارین."
رووسیا، وڵاتانی رۆژئاوا بەوە تۆمەتبار دەکات؛ نەیانتوانیوە خاڵەکانی نێو رێککەوتنەکە و داواکارییەکانی رووسیا جێبەجێبکەن.
بۆ چوونەوە نێو رێککەوتنەکەش داوادەکات ئەو بانکانەی رووسیا کە پەیوەندیدارن بە هەناردەی خۆراک و پەینی کیمیاییەوە، سزایان لەسەر لابدرێت و بچنەوە نێو تۆڕی بانکیی جیهانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ