رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە بێسەروشوێنبوون، کچێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە کەنەدا دەژیا، تەرمەکەی دۆزرایەوە.
شیلان پەروێز شابازیان، کچێکی خەڵکی قوروەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لە شاری ویندزەری کەنەدا دەژیا، زیاتر لە دوو مانگ بوو بێسەروشوێن بوو، دوێنێ پۆلیس دۆزینەوەی تەرمەکەی راگەیاند.
پۆلیسی کەنەدا بڵاویکردەوە، دوێنێ هەینی 21-03-2025 تەرمی شیلان پەروێز شابازیانی دۆزیوەتەوە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، دوایین جار شیلان لە 4ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بیندراوە و لێکۆڵەرانیش گومانیان لە کردەوەیەکی تاوانکاری یان تووندوتیژی لە مردنەکەیدا نییە.
دیاکۆ عەلی تەنایی، خاڵی شیلان، 17ی مانگی رابردوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مۆبایلێکی شیلان لە کەنار رووبارێک لەلایەن کەسێکەوە دۆزراوەتەوە و دراوەتە پۆلیس.
بە گوتەی خاڵی شیلان، ماڵباتەکەی گومانیان لە کەس نییە و سکاڵایان تۆمار نەکردووە.
شیلان شابازیان، تەمەنی 26 ساڵ بوو، لە شاری ویندزەری کەنەدا لە ئارایشتگە کاری دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ