رووداو - هەولێر
سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن داوای لە هاووڵاتییان کرد وریابن، ئەمەش دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.9 پلە بە پێوەری رێختەر کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای ئایوات لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی هەژاند، هاوکات گوتی، هیچ مەترسییەکی دروستبوونی سوونامی لە ئارادا نییە.
رۆژی پێنجشەممە 25-06-2026 دەستەی کەشوهەوای ژاپۆن (JMA) و دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا (USGS) پشتڕاستیان کردەوە، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 6.9 پلە بووە و لە قووڵایی نزیکەی 50 کیلۆمەتر (30 میل) لە دەریادا روویداوە.
بوومەلەرزەکە کە هاوکات بوو لەگەڵ کاتی جەنجاڵیی هاتووچۆی بەیانیانی رۆژی پێنجشەممە، لە تۆکیۆی پایتەختیش هەستی پێکرا. مینۆرو کیهارا، گوتەبێژی حکومەت رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکی دەستبەجێ لەبارەی برینداربوون یان زیانی بەرچاو تۆمار نەکراوە.
ئەم بومەلەرزەیە لە ناوچەیەکدا روویدا کە لە مانگەکانی دواییدا چەندین جار لەرزینی بەهێزی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانەش یەکێکیان لە مانگی کانوونی یەکەمدا کە بووە هۆی راگەیاندنی هۆشداریی درێژخایەنی یەک هەفتەیی لەسەر بوومەلەرزەی گەورە.



.jpg&w=3840&q=75)