رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، فەرمانی بە لێکۆڵینەوە لەلایەن وەزارەتی دادەوە کردووە دژی کۆمپانیا گەورەکانی نەوت بەهۆی ئەوەی رەنگە پارەی زیادە لە کڕیاران وەرگرن، هۆشداریدا کە ئەگەر وا بێت، تووشی کێشەی گەورە دەبن.
رۆژی چوارشەممە، 24-06-2026، ترەمپ لە کۆشکی سپی، ئامانجی لێکۆڵینەوەکانی بۆ سەر کۆمپانیا پێشەنگەکانی وزەی جیهان ئاشکرا کرد کە پێشتر لە کۆشکی سپی میوانداریی کردوون، لەوانەش کۆمپانیاکانی شێڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل، شێڵ و بی پی.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "نرخی گاز و نەوت زۆر دابەزیون، بەڵام ئێمە لە وێستگەکاندا [بەنزینخانەکان] هیچ دابەزینێک نابینین بەراورد بەوەی کە دەبێت هەبێت. بە بڕوای من، ئێستا دەبێت نرخی بەنزین لە وێستگەکاندا 2.25 دۆلار بێت بۆ هەر گالۆنێک، بەڵام نرخەکان زۆر لەوە بەرزترن. ئێمە لێکۆڵینەوەیەکی گەورە لەسەر ئەمە دەکەین، چونکە ئەوان نرخەکان کەمناکەنەوە."
دوای ئەوەی ئەمریکا و ئێران یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد، نرخی نەوت و سووتەمەنییەکان لە جیهان و ئەمریکاش گۆڕان. لە ئەمریکا نرخی گازوایل بۆ هەر گالۆنێک لەمانگی ئایار گەیشتە 4.5 دۆلار و ئێستا نرخەکە 2.76 دۆلارە. نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تێکساس لە ئایار گەیشتە 111 دۆلار و ئێستا بە 60 دۆلارە.


.jpg&w=3840&q=75)
