رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا رۆژی چوارشەممە باری نائاسایی لە وڵاتەکەدا راگەیاند، ئەمە دوای ئەوەی دوو بوومەلەرزەی بەهێز و پاشلەرزەکانیان بوونە هۆی داڕمانی چەندین باڵەخانە لە کاراکاسی پایتەخت و داخستنی فڕۆکەخانەی سەرەکیی وڵاتەکە.
دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا رایگەیاند، 20 پاشلەرزە لە دوای دوو بوومەلەرزە سەرەکییەکە بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە بەپێی پێوەری رێختەر تۆمارکراون، کە بەپێی ئامارەکانی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا (USGS) بووە.
لەبارەی ئاماری قوربانییەکانەوە دێلسی رۆدریگێز رایگەیاند، لە بوومەلەرزەکانی ڤەنزوێلا 32 کەس مردوون و 700 کەسیش برینداربوون.
بوومەلەرزەکان ترسی زۆریان لە پایتەختدا دروستکرد و خەڵکیان ناچارکرد بڕژێنە سەر شەقامەکان.
دیۆسدادۆ کابێلۆ، وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا رایگەیاند، هێشتا ژمارەی قوربانییەکان بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام چەندین کەس بریندار بوون و باڵەخانەکان داڕماون.
بەگوێرەی دەستەی USGS، یەکەم بوومەلەرزە بە گوڕی 7.2 لە کاژێر 01:04 شەو بە کاتی هەولێر و بە قووڵایی 22 کیلۆمەتر روویدا، کە چەقەکەی 21 کیلۆمەتر (13 میل) لە رۆژئاوای شارۆچکەی مۆرۆن لە باکووری وڵاتەکە بووە. تەنیا دوای 39 چرکە، بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر بە گوڕی 7.5 پلە و بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە دووریی نزیکەی 45 کیلۆمەتر لە چەقی یەکەمەوە روویدا.
کابێلۆ داوای لە خەڵک کرد ماڵەکانیان جێبهێڵن و رایگەیاند، هێڵەکانی گواستنەوەی گاز بۆ چەندین باڵەخانە وەک رێکارێکی خۆپارێزی بڕاون، چونکە چەندین شوێن زیانیان بەرکەوتووە و نایانەوێت هیچ رووداوێکی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە رووبدات. سەرۆکی کاتیی وڵاتەکە رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مایکێتیا لە نزیک کاراکاس بەهۆی "زیانی جیدی" بە ژێرخانەکەی داخراوە.
بەگوێرەی وەزیری ناوخۆ، ویلایەتەکانی تروخیۆ، کارابۆبۆ، میراندا و لا گوایرا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
ئۆدالیس ئێسکالۆنا، کارمەندی تەمەن 54 ساڵی بانکێکە گوتی: "قادرمەکان تێكچوون، تەواوی دیوارەکە درزی برد. شتەکان لە بنمیچەکەوە کەوتنە خوارەوە. دۆخەکە زۆر ترسناک بوو."
هێدی رۆمێرۆی تەمەن 42 ساڵ، کە لە نهۆمی کۆتایی ناوەندێکی بازرگانیدا بوو کاتێک بوومەلەرزەکە روویدا، گوتی: "باوەڕپێنەکراو بوو، تەنانەت نازانم چەندەی خایاند. ئێمە لە رێگەی قادرمەکانی فریاکەوتنەوە هاتینە دەرەوە."
کارمێن گوێدێزی تەمەن 69 ساڵیش کاتێک بوومەلەرزەکە روویدا لە ژوورێکدا لەگەڵ خوشکە نەخۆشەکەیدا بووە، دەڵێ: "وردە وردە بەهێزتر بوو. دیتم پەنجەرەکان دەستیان بە جووڵە کرد و پاشان هەموو شتێک لەرزییەوە. نەمانتوانی بچینە دەرەوە. دراوسێکانمان هێشتا لەسەر شەقامەکانن."
بوومەلەرزەکە لە بۆگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیاش هەستی پێکراوە، کە تێیدا زەنگی ئاگارداری لێدرا و هاووڵاتییان باڵەخانەکانیان جێهێشت. فرێدی تۆڤار، هاوئاهەنگیکاری تۆڕی نیشتمانیی بومەلەرزەزانی کۆڵۆمبیا رایگەیاند، زیاتر لە 200 راپۆرتی لەرزینیان لە سەرانسەری وڵاتدا پێگەیشتووە و پێشبینی پاشلەرزەی زیاتر دەکەن.
ئاژانسی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی کۆڵۆمبیا (UNGRD) و ناوەندی نیشتمانیی ئاگادارکردنەوەی سوونامیی ئەمریکا ئەگەری دروستبوونی سوونامییان لە دوای بوومەلەرزەکە رەتکردەوە.
لەسەر ئاستی مێژوویی، بەهێزترین بوومەلەرزە لە مێژووی ڤەنزوێلادا لە ساڵی 1997 لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بوو کە مردنی 73 کەسی لێکەوتەوە، هەروەها لە ساڵی 1967 لە کاراکاس بوو کە تێیدا 236 کەس مردن.
ماوەیەکی کەم دوای بوومەلەرزەکانی ڤەنزوێلا لە رۆژی چوارشەممەدا، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.9 پلە باکووری ژاپۆنی هەژاند، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی یان دارایی لێنەکەوتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)