رووداو دیجیتاڵ
دوای داننانی رووسیا بە سەربەخۆیی دوو ناوچەی ئۆکراینا، بەریتانیا گەمارۆی خستە سەر پێنج بانکی رووسیا و سێ ملیاردێری رووسی، بڕیارێک کە بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە "یەکەم شەپۆلی سزاکان" لە وەڵامی کارەکانی رووسیا لە ئۆکراینا ناوی دەبات.
چەند کاژێرێک دوای ئەوەی رووسیا فەرمانی بە سەربازانی وڵاتەکەی کرد بچنە نێو دوو هەرێمی ژێردەستی جوداخوازەکانی ئۆکراینا کە لەلایەن مۆسکۆوە پاڵپشتی دەکرێن، پەرلەمانی بەریتانیا بە ئامادەبوونی بۆریس جۆنسن کۆبووەوە و کردەوەکانی رووسیای لە ئۆکراینا بە "داگیرکارییەکی نوێ" و "بەهانە بۆ هێرشێکی تەواو" باسکرد.
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە پەرلەمانتارانی راگەیاند، "لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان دەست بە سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا دەکەین، کە پێشتر خۆمان بۆی ئامادەکردووە.. بۆئەوەی هەندێک کەس و قەوارەی ستراتیژیی گرنگی کرملن سزا بدەین".
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد، سزای زیاتر بەڕێوەن ئەگەر کرملن کردەوەی دوژمنکارانەی زیاتر بکات، کە جۆنسن پێشبینی دەکات ببێتە هۆی "قەیرانێکی درێژخایەن".
ئەو پێنج بانکەی رووسیا کە بەریتانیا کردوونیەتە ئامانج بریتین لە هەریەکە لە بانکەکانی "رووسیا، ئای ئێس بانک، جەنەراڵ بانک، پرۆێمسڤیزبانک و بانکی دەریای رەش"ن، ئەو سێ ملیاردێرەش کە بەریتانیا بڕیاری داوە سزایان بدات سەروەت و سامانەکەیان سڕ بکرێت.
ئەو سێ ملیاردێرە بە ناوەکانی گنادی تیمچینکۆ، بۆریس رۆتەنبێرگ و ئیگۆر رۆتەنبێرگن، گەشتکردنیان بۆ بەریتانیاش لێ قەدەخە دەکرێت و مامەڵەکردنی ئەوان و پێنج بانکەکە لەگەڵ سەرجەم کەسایەتی و لایەنەکانی بەریتانیا قەدەخە دەبێت.
جۆنسن دەڵێت، "ناتوانین بڵێین لە رۆژانی داهاتوودا چی روودەدات.. بەڵام دەبێت خۆمان بۆ قەیرانێکی درێژخایەن ئامادە بکەین".
راگەیاندنی سزاکانی بەریتانیا دوای ئەوە بوو کە بەیانیی رۆژی سێشەممە 22-02-2022 بۆریس جۆنسن سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی کوڵاتەکەی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی جەختی لەوە کردەوە کە "وەڵامی تووندی" رووسیا دەداتەوە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی دووشەممە 21-02-2022 دانی بە سەربەخۆیی ناوچەکانی دۆنێتسک و لوهانسک-ی ئۆکراینادا نا و وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیی راسپارد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی "ئاشتیپارێز" لە ناوچەکان.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رۆژی سێشەممە 22-02-2022 جەختی لەوە کردەوە کە "بۆ ئێستا" پلانیان نییە هێزی سەربازی بنێرن بۆ بەشەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا.



