وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر چی دەڵێن؟

23-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی دووشەممە، ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە کۆبوونەوە و تێیدا دوایین پێشهاتەکانی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا و دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان تاوتوێ کرد. 
 
بەشێک لە وەزیرانی وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە وەڵامی پرسیاری زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو، باسیان لە هێرشە بالیستییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی کرد. 
 
سوێد: نیگەرانیمان بە باڵیۆزخانەی ئێران گەیاند
 
تۆبیاس بیڵسترویم، وەزیری دەرەوەی سوێد بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، کە بە بەرپرسی کاروباری سیاسیی باڵیۆزخانەی ئێرانیان لە سوێد راگەیاندووە، سوێد نیگەرانی هێرشەکەی سەر هەولێرە.
 
وەزیری دەرەوەی سوێد گوتی: "نیگەرانیی خۆمان لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر دەربڕیوە. لەبارەی زیادبوونی گرژییەکانیشەوە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ نیشانەی ئەوەیە کە یەکێتیی ئەوروپا دۆخی دەریای سوور و جەنگی حەماس و ئیسرائیلی بە جیدی وەرگرتووە. چاوەڕێم گفتوگۆ لەسەر جەنگەکە لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل و فەڵەستین بکەم کە نوێنەرانی سعودیە، ئوردن و میسریشی لێ دەبن."
 
شەوی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەم سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە 11 مووشەکی بالیستی هەولێری کردە ئامانج کە بەشێک لەو مووشەکانە بەر ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلی شارەکە کەوتن و لە ئەنجامدا خۆی و منداڵێکی 11 مانگ و هاوڕێیەکی و خزمەتگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا. 
 
پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری هەولێر، وڵاتینامەی سوێدی هەبووە و ماوەی 14 ساڵ لەو وڵاتە ژیاوە، کوڕە گەورەکەشی کە لە هێرشەکەدا بریندار بوو و ئێستا بۆ چارەسەر لە ئیماراتە، هەر لە سوێد لەدایکبووە.
 
 
وەزیری دەرەوەی سوێد باسی لە هێرشەکانی سەر کەشتییەکانی دەریای سوور کرد و گوتی: "کە سەیری وێنە گەورەکە دەکەین، پێموایە کە نابێت ئەوەندە خێرا بین لەوەی شتەکان بخەینە پاڵ نەتەوەیەکی دیاریکراوەوە. ئەمڕۆ حووسییەکان ژمارەیەک کەشتی وڵاتانی دیکەش دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان. پێموایە کە پێویستە هەموومان پاڵپشتی ئازادیی رێڕەوە ئاوییەکان بکەین؛ ئەم دۆخەی ئێستا زیان بە بازرگانی سیڤیل و میسر دەگەیێنێت کە بەهۆی نەڕۆیشتنی کەشتییەکان بە نۆکەندی سوێسەوە داهاتێکی زۆری لەدەستداوە. ئەمە پرسیارێکی جیدییە و ئەمڕۆ یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیە بۆ هەڵسەنگاندنی."
 
هۆڵەندا: هێرشەکەی هەولێر زۆر تۆقێنەر بوو
 
هەر لە وەڵامی پرسیاری رووداودا، هانکێ برووینس، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆیان لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر کردووە. 
 
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا گوتی: "ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکەمان کرد و ئەوەش بۆ ئێمە زۆر تۆقێنەر بوو کە منداڵێکی تەمەن 11 مانگی هۆڵەندی لە ‌هێرشەکەدا کوژرا. ئێمە داوامان کرد کە زانیاری و روونکردنەوەی زیاترمان لەسەر هێرشەکە پێ بدرێت". 
 
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەگەڵ خێزانی پێشڕەو دزەیی لە پەیوەندیدان. 
 
 
رۆژی هەینی، 19ـی ئەم مانگە، هانکێ برووینس، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە پۆستێکی ئێکسدا گوتی، منداڵێکی هۆڵەندی لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر گیانی لەدەستداوە و "گیانلەدەستدانی منداڵێکی ساوا، کە تەمەنی لە ساڵێک کەمتر بوو، زۆر ناخهەژێنە. هاوخەمی خێزانی منداڵەکە و قوربانییانی دیکەی ئەم هێرشەین. ئێمە لەم کاتە سەختەدا یارمەتیی کۆنسوڵگەری پێشکەش بە خێزانەکە دەکەین".
 
وەزیری هۆڵەندییەکە گوتیشی: "بۆ روونکردنەوە قسەم لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەم کردووە و بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانیشم کردووە".
 
ئوردن لە بارەی هێرشەکەی هەولێر: دەبێت رێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێت
 
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداری کرد، لە وەڵامی رووداودا لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر گوتی: "ناوچەکە هەمووی بەدەست بارگرژیی زۆرەوە دەناڵێنێت، دەمانەوێت پێکەوە کاربکەین بۆ کۆتاییهێنانی هەموو بارگرژییەکان لەسەر بنەمای دڵنایی ئاسایش و ئاشتی بۆ هەمووان و رێز لە سەروەری هەموو وڵاتان بگیرێت".
 
وەزیری دەرەوەی ئوردن ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە. 
 
ئەیمەن سەفەدی باسی لە دامەزرانی دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیل کرد و گوتی: "تاکە رێگە بۆ ئەوەی ئاسایشی هەمووان فەراهەم بێت، دامەرزراندنی دوو دەوڵەتە، دەوڵەتی فەڵەستین دابمەزرێت پایتەختەکەی قودسی داگیرکراو بێت لەسەر هێڵی 4ی حوزەیرانی 1967 بۆ ئەوەی بە ئاشتی و ئارامی لە پاڵ ئیسرائیل ژیان بکات".
 
چارەسەری دوو دەوڵەت رێککەوتنێکە لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و جیاکردنەوەی سنوورەکانیان لە یەکدی، چەندین ساڵە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر دیاریکردنی سنوورەکە رێکنەکەوتوون. 
 
"سزادانی ئێران"
 
گاربریلیوس لاندسبێرگیس، وەزیری دەرەوەیی لیتوانیا  باسی لە تێوەگلانی ئێران لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە درۆنی ئێرانی لە دژی هاووڵاتییانی ئۆکراینا بەکاردەهێندرێت. 
 
وەزیری دەرەوەی لیتوانیا گوتی: "ئێمە ئاگادارین، ئەوان [ئێران] لە رووسیا و لە بێلارووس خەریکی دانانی کارگەن بۆ ئەوەی درۆن بەرهەم بهێنن. ئەو درۆنانە نەک تەنیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لەو ناوچەیەی ئێمەش بەکاردەهێندرێن".
 
گابریلیوس پێیوایە دەبێت سزا بەسەر ئێراندا بسەپێندرێت و گوتی: "نابێت ئەو کەلوپەل و پێداویستییانە رێگەیان پێبدرێت بچنە ناوەوە و دەرەوەی ئێران کە لە دروستکردنی درۆندا بەکاردەهێندرێت، ئەوەش لە یەکەم رۆژەوە هەڵوێستی ئێمە بووە، ئەگەر گۆڕانکارییەکیش روویدا، دەبێت سزاکان زیاتر بکرێن".
 
وڵاتانی رۆژئاوا کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی درۆن و مووشەکی داوەتە رووسیا بۆ ئەوەی لە شەڕی ئۆکراینادا بەکاریان بهێنێت.
 
وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، فرۆشتنی چەک بە رووسیا پێشێلکردنی بڕیاری 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و داوایان کردووە نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکات.
 
ئێران دەڵێت، لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینادا بێلایەنە، بەڵام ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی لە رووسیا کردووە و هێرشی رووسیای بە هەنگاوێکی دروست لە قەڵەم داوە.
 
ئەڵمانیا: دەبێ هێرشەکانی حوسییەکان رابگرین
 
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی لە هێرشەکانی سەر دەریای سوور کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە یەکێتیی ئەوروپا دەبێت گرنگی بە ئەمن و ئاسایشی دەریای سوور بدات و گوتی: "ئیرادەیەکی یەکگرتوومان لە یەکێتیی ئەوروپا هەیە کە دەبێت ئێمە خەم لە ئاسایشی دەریایی سوور بخۆین؛ دەبێت ئێمە هێرشی حووسییەکان رابگرین".
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی: "رۆژانە حوسییەکان لە یەمەنەوە هێرشی هەرەمەکی دەکەنە سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور بەمەش هێرش دەکەنە سەر یەکێک لە دەمارەکانی ئازادیی هاتووچۆی دەریایی و هێرشکردنە سەر بازرگانی جیهانیی. بۆ ئێمە گرنگە کە پێکەوە بریار لە سەر  ئۆپەراسیۆنێکی یەکێتی ئەورۆپا بۆ ئەم مەبەستە بدەین".
 
 
رۆژی هەینی، 12-1-2024، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "پاڵپشتیی سیاسی لە کاردانەوەکەی ئەمریکا دەکەین. وەک یەکێتیی ئەوروپا کاری جیدی دەکەین بۆ ئەوەی سەقامگیریی دەریای سوور باشتر بکەین".
 
رۆژی 13ـی ئەم مانگە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم رایگەیاند، کە بۆ دووەم جار هێرشییان کردووەتە سەر حووسییەکان.
 
رۆژێکیش پێش ئەوە، سوپای ئەمریکا بە هاوئاهەنگیی چەند وڵاتێکی هاوپەیمان هێرشی ئاسمانییان کردە سەر حووسییەکانی یەمەن.
 
رۆژی 19-11-2023، حووسییەکانی یەمەن یەکەم هێرشیان بۆ سەر کەشتییەک کرد بەناوی "گالاکسی لیدەر" و 25 کەسیان لەسەر کەشتییەکە رفاند.
 
دوای مانگێک و لە 19-12-2023، ئەمریکا بە هاوبەشیی 20 وڵات هاوپەیمانێتییەکی بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریای سوور دژی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان راگەیاند.
 
هێرشەکانی ئەو گرووپە یەمەنییە بووە هۆی ئەوەی کە چەندین کۆمپانیا بڕیاربدەن گەشتی کەشتییەکانیان لە رێگەی ئەو دەریایەوە بووەستێنن.
 

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە