رووداو دیجیتاڵ
لە ئیسپانیا بڵێسەی ئاگری دارستانەکان بەردەوامە و بەهۆیەوە زیاتر لە 60 هەزار کەس لە گوند و ناوچەکانی رۆژئاوای مەدرید ماڵەکانیان جێهێشتووە. بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە کەسێک لە شاری ڤالێنسیا گیانی لەدەستداوە و مەترسییەکەش چیدیکە تەنیا بۆ دارستانەکان نییە، بەڵکو ئاگرەکە زۆر لە مەدریدی پایتەخت نزیک بووەتەوە.
فێرناندۆ گراندا مارلاسکا، وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا بە رۆژنامەڤانانی گوت، رەوشەکە لەوەی دوێنێ خراپترە و بارودۆخی کەشوهەواش هیچ هاوکاریی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ناکات. هەروەها هەشت شارەوانی لە نزیک ناوچەی تۆلێدۆ فەرمانی چۆڵکردنیان پێدراوە و دانیشتووانەکەیان بۆ شوێنە ئارامەکان گوێزراونەتەوە.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ئاماژەی بەوە کرد، لە نێو کارە لەپێشینەکانیاندا، ئێستا پاراستنی ژیانی خەڵک لە پلەی یەکەمدا دێت. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، تەنیا لە رۆژئاوای مەدرید نزیکەی 25 هەزار هێکتار زەوی، واتە 100 هەزار دۆنم سووتاوە.
مار نیکۆلاس، سەرۆکی شارەوانی برونێتێ کە دەکەوێتە رۆژئاوای مەدرید، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەوەی روودەدات کارەساتە، چونکە ساڵانە ئاگر دەکەوێتەوە بەڵام ئەمەی ئەمساڵ مەترسییەکەی لەڕادەبەرە.
زانایان هۆکاری ئەم وشکەساڵی و شەپۆلە گەرمایە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لە ئەورووپا دەگەڕێننەوە. ئێستا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەردەوام کار دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە یەکگرتنی سێ ئاگری گەورە بگرن، چونکە ئەگەر ئەو ئاگرانە بگەنە یەکدی، کارەساتێکی گەورە لە چەند کیلۆمەترێکی کەم لە نێو جەرگەی پایتەختەوە دروست دەبێت.



.webp&w=3840&q=75)