رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، سەرۆکی ئەمریکا پلانەکانی بۆ "هێرشێکى فراوان" بۆ سەر ئێران بە شێوەیەکی کاتی وەستاند، دوای هۆشداریی فەرماندە سەربازییەکان لەبارەی کەمبوونەوەی مووشەکەکانی پاتریۆت و بەرگرییە ئاسمانییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی (ژوورى ئۆپەراسیۆنە هەستیارەکان)ى رۆژی هەینی لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی و راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی، بڕیاریداوە جارێ ئەو هێرشە "بێپێشینە و فراوانە" دەستپێنەکات کە پێشتر هەڕەشەی کردبوو. هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشەکشەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، "چڕکردنەوەی جەنگەکە دەبێتە هۆی تەواوبوونی مووشەکە بەرگرییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا"
بەپێی راپۆرتەکە، جەنەڕاڵ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا بە نهێنی هۆشداریی داوەتە ترەمپ لەوەى دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی گەورە دژی تاران دەبێتە هۆی بەتاڵکردنی مەترسیداری کۆگەکانی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای وڵاتەکەی (سێنتکۆم) لە مووشەکی پاتریۆت. تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان، پنتاگۆن زیاتر لە 1,200 مووشەکی پاتریۆتی لەم جەنگەدا بەکارهێناوە، کە تێچووی هەر دانەیەکیان 4 ملیۆن دۆلارە.
ئەم نیگەرانییانە دوای ئەوە دێن کە هەینیی رابردوو 17ی تەمموز، مووشەکێکی بالیستیی ئێران توانی سیستەمە بەرگرییەکانی ئەمریکا لە ئوردن ببڕێت و ببێتە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی. فەرماندە سەربازییەکان دەترسن لەوەى هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئێران ببێتە هۆی کاردانەوەیەکی تووندی تاران کە سیستەمە بەرگرییەکانی ئەمریکا نەتوانن بەرگەی بگرن.
ستیڤن چیۆنگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی بە کەناڵە ئەمریکییەکەى راگەیاند، ترەمپ هەموو کات بژاردەی دیپلۆماسیی بەلاوە پەسندە، بەڵام هەموو بژاردەکانی دیکەیشی لەسەر مێز هێشتووەتەوە. راوێژکارانی ترەمپ، لەوانەش جارید کوشنەر، پێشنیازیان کردووە لەبری گەڕانەوە بۆ جەنگ، ئەمریکا بەردەوام بێت لەسەر گوشاری ئابووری و دانوستاندنی درێژخایەن.
لەسەر ئاستی ئابووری، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەى ئەمریکا رایگەیاندووە، چین لە چەند مانگی رابردوودا کڕینی نەوتی خاوی لە ئێران بە رێژەی 40٪ کەمکردووەتەوە، ئەمەش داهاتی تارانی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە. هەروەها وەزارەتەکە سزای بەسەر 9 کۆمپانیا و 4 کەسدا سەپاندووە کە پەیوەندییان بە تۆڕە بازرگانییەکانی بابەک زەنجانی، سەرمایەداری ئێرانییەوە هەیە.
ترەمپ پێشتر هەڕەشەی لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان و شوێنی گرنگی وەک (چیای قوڵنگ)ی کردبوو. ئێستا لەبەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدایە؛ یان دەبێت بەردەوام بێت لە دانوستاندنەکان کە لە رێگەی عومان و پاکستانەوە بەڕێوەدەچن، یان سەرکێشی بە جەنگێکی گشتگیر بکات کە رەنگە کۆگەی چەکەکانی رووبەڕووی هەرەسهێنان بکاتەوە. ئێستا ئاگربەستێکی ناسەقامگیر لە ئارادایە و هێزەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار دوای 13 شەو، هیچ هێرشێکیان نەکردووەتە سەر نێوخۆی ئێران.

.webp&w=3840&q=75)

