رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی فەرەنسا رایانگەیاند، تاوەکو رۆژی یەکشەممە، زیاتر لە 220 هەزار کەس لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە بەهۆی ئاگرێکی گەورەی دارستانەکانەوە گوێزراونەتەوە. ئاگرەکە هێندە گەورە و خێرایە کە بووەتە هۆی داخرانی رێگە سەرەکییەکان و هێڵی شەمەندەفەر.
فەرمانی چۆڵکردن بۆ 50 هەزار کەسی دیکە لە گوندەکانی دەوروبەری بۆردۆ دەرچووە؛ مەترسیی ئاگرەکە بۆ سەر ئەو ناوچەیە زیاتر بووە. بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی تەنیا بەهۆی ئەم ئاگرەوە ئاوارە بوون گەیشتە 220 هەزار کەس. هاوکات لە ناوچەکانی دیکەی فەرەنسا و نێوەڕاستی ئیسپانیاش، بە هەزاران کەسی دیکە بەهۆی ئاگری دارستانەکانەوە ناوچەکانیان چۆڵ کردووە.
بەهۆی تەشەنەکردنی ئاگرەکە و هەڵکردنی بایەکی بەهێز، بەرپرسانی ناوچەکە بڕیاریان دا 60 کیلۆمەتر لە رێگەی سەرەکی A63 دابخەن کە بۆردۆ بە سنووری ئیسپانیاوە دەبەستێتەوە. کۆمپانیای شەمەندەفەری SNCF رایگەیاند، هاتوچۆی شەمەندەفەرەکانی لە باشووری بۆردۆ راگرتووە و گەشتەکان وەستاون.
لۆرێنت نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە کاتێکی زۆری دەوێت و تاوەکو بە تەواوی مەترسییەکە کۆتایی نەیەت، دانیشتووان و گەشتیاران ناتوانن بۆ شوێنەکانیان بگەڕێنەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئاگرەکە تاوەکو ئێستا 42 هەزار هێکتار زەوی واتە 168 هەزار دۆنمی سووتاندووە. ئەمە بە یەکێک لە گەورەترین ئاگرەکان لە مێژووی فەرەنسا دادەنرێت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە. پێشتر لە ساڵی 1949 ئاگرێکی هاوشێوە 50 هەزار هێکتار زەوی لەو وڵاتەدا سووتاندبوو.
سوپای فەرەنسا هەزار و 500 سەربازی بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوە ناردووە کە نزیکەی یەک هەفتەیە بێپشوودان شەڕی بڵێسەی ئاگرەکە دەکەن.
نیکۆلاس بڕاز، فەرماندەیەکی تیمی ئاگرکوژێنەوەیە دەڵێت، گەرمای زۆری ئاگرەکە گەردەلوولی بچووکی دروست کردووە، ئەوەش وای کردووە ئاگرەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بڵاو ببێتەوە و کۆنترۆڵکردنی زۆر ئەستەم بێت.



.webp&w=3840&q=75)