رووداو دیجیتاڵ
لەوکاتەی دڵنیا رەحمان و کامێرامانەکەی، کە تیمی نێردراوی رووداون بۆ ئۆکراینا، لە سەنتەری شاری کراماتۆرسکی وڵاتەکە سەرقاڵی رووماڵن، سوپای رووسیا تەنیشتیان بۆردوومان دەکات.
ئەوە دووەم هێرش بوو کە رۆژی پێنجشەممە، 20-3-2025، بکرێتە سەر بارەگایەکی هێزە ئەمنییەکانی ئۆکراینا لە ماوەی 15 خولەکدا، یەکەم جار بە مووشەکی بالیستیک و دووەم جار بە درۆن.
باڵەخانەی بارەگاکەی هێزەکانی ئۆکراینا لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکیدایە و بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە دەیان باڵەخانەی دیکە کەوت.
دانیشتوانی ناوچەکە ترساون بەڵام سێ ساڵە دۆخیان هەر بەم شێوەیە بووە. لەناکاو و لە رۆژێکی ئاسایی ماڵ و حاڵیان بەر بۆردوومان دەکەوێت.
تەمارا میاکوشکۆ، دانیشتوویەکی کراماتۆرسک بە رووداوی گوت، "چی بڵێم، دیسان پەنجەرەکەم شکا. ماوەیەک لەمەوپێش چاکم کردبوو، داوام لە کۆمپانیایەک کرد و هاتن بۆیان چاک کردم، ئێستا دیسان دەبێت پەنجەرەکە بگۆڕم".
تاوەکو سێ کاژێر دوای رووداوەکە بەهۆی ئەگەری بەردەوامی هێرشەکان، هیزی ئەمنی و ئاگرکوژێنەوە نەیانتوانی بچنە نێو باڵەخانەکە. جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانیی زۆری نەبووە.
دانیشتوویەکی دیکەی ناوچەکە دەڵێت، "تەقینەوەکە نزیک کاژێر 10:30 خولەکی بەیانی بوو، لە بەشی پشتەوە شووشەی خانووەکان شکان، من لەو کاتەدا خەریکی چاخواردن بووم".
هێرشەکانی رووسیا و ئۆکراینا بۆ سەر خاکی یەکدی بەردەوامە، جگە لە هێرشەکان بۆ رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، شەوی رابردوو رووسیا 200 درۆنی ئاڕاستەی ناوچەی کیرۆڤۆگراد لە سەنتەری ئۆکراینا کرد و بەهۆیەوە 10 کەس بریندار بوون کە چواریان منداڵن؛ بەیانی ئەمڕۆش ئۆکراینا فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی رووسیای کردە ئامانج و تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشەکانی هەردوولا بەردەوام بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ