رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی سیبی ئێس نیوز، دانوستاندنەکانى نێوان عومان و ئێران بۆ کردنەوەى تەنگەى هورمز بەرەوپێشچوونى بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، ئەمەش وایکردووە سەرۆکى ئەمریکا بۆ یەکەمجار دوای 13 شەوى بەردەوام، فەرمانی راگرتنى بۆردوومانەکانى سەر ئێران بدات.
چەند بەرپرسێکی ناوچەکە بە کەناڵى (سى بی ئێس نیوز)ى ئەمریکییان راگەیاندووە، گفتوگۆکانى شاندى عومان لە تاران بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا دەڕۆن؛ بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە، دانوستاندنەکان پێویستییان بە کاتى زیاترە تاوەکو دەگەنە رێککەوتنى کۆتایی. بەرپرسە ناوچەییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە، راگرتنى هێرشە ئاسمانییەکانى ئەمریکا لە شەوى شەممەدا، هەنگاوێکی ئەنقەست بووە، تاوەکو دەرفەت بەو گفتوگۆیانە بدرێت و پرۆسەکە تێکنەچێت.
میکانیزمى کردنەوەى تەنگەى هورمز
بەپێى راپۆرتەکە، لایەنە نێوەندگیرەکانی نێوان تاران و واشنتن کار لەسەر دۆزینەوەى رێگەیەک دەکەن بۆ ئاساییبوونەوەى جووڵەى کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز. پێشنیازکراوە هاتووچۆی کەشتییەکان بکرێتە دوو بەش؛ رێڕەوى باشوور لەنێو ئاوەکانى عومان کە تێپەڕبوون تێیدا بەپێى یاسا نێودەوڵەتییەکان بێ بەرامبەر دەبێت، هەروەها رێڕەوى باکوور کە بە ئاوەکانى ئێراندا دەڕوات و پێویستى بە رەزامەندیى پێشوەختەى تاران دەبێت.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ناکۆکیى سەرەکیى ئێستا لەسەر پرسی "باجى تێپەڕبوون"ـە؛ ئێران داوا دەکات بڕى 2 ملیۆن دۆلار لە هەر کەشتییەک وەربگرێت تاوەکو وەک بودجەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەى وێرانکارییەکانى جەنگ بەکاریبهێنێت، ''بەڵام عومان ئەم داواکارییەی وەک پێشێلکردنى یاسا دەریاییەکان رەتکردووەتەوە، بەڵام ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ لەسەر "رسوماتى خزمەتگوزاریی ئارەزوومەندانە، بۆ مەبەستى پاراستنى ژینگە و سەلامەتى.''
سەرەتای ئەم مانگە، چەندین گەڕی گفتوگۆ لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوون. لەوێدا عومان بە فەرمی "پلانێکی دووڕێڕەوی" پێشنیازکرد بۆ دابەشکردنی تەنگەى هورمز بۆ سەر رێڕەوێکی کراوەی باشوور و رێڕەوێکی کۆنترۆڵکراوی باکوور. دواتر گفتوگۆکان گوازرانەوە بۆ تاران، تێیدا دانوستاندنکارانی عومانی هەوڵیان دا راستەوخۆ لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێران بگەنە رێککەوتنێکی کاتیی 60 رۆژە، پێش ئەوەی سوپای ئەمریکا دەست بە بۆردوومانەکان بکاتەوە.
جەنگی ئێران کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکردووە، بازاڕەکانی جیهانی تووشی قەیرانێکی گەورە کردووە و رۆژانە 10 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی جیهان دەگەیێنێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، ئێران "دەیەوێت رێککەوتن بکات". گوتیشی: "پێموانییە هێشتا ئامادە بن و کاتى هاتبێت، بەڵام من ئامادەم گوێیان لێ بگرم".
.webp&w=3840&q=75)


