رووداو دیجیتاڵ
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشە گەورەکەی بۆ سەر ئێران جێبەجێ بکات، پاشماوەی ژێرخانە ئەتۆمییەکانی تاران کە لە هێرشەکانی پێشووی ئۆپەراسیۆنی (چەکوچی نیوەشەو) رزگاریان بووە، دەبنە ئامانجی سەرەکیی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانى واشنتن.
لە راپۆرتێکى رۆژنامەى (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ـدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەى پار گورزى کەم وێنە لە سێ بنکەى سەرەکیى پیتاندنى یۆرانیۆمى ئێران دراوە، بەڵام هێشتا چەند پێگەیەک ماونەتەوە کە واشنتن و تەلئەڤیڤ وەک مەترسی دەیانبینن.
دەیڤید ئەلبڕایت، سەرۆکی پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی و پشکنەری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: "زۆربەی ئەو شوێنانەی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویست بوون پێشتر لێیان دراوە، بەڵام رەنگە ئیسرائیل زانیاریى لەسەر شوێنى نوێ هەبێت، یان بیەوێت ئەو شوێنە کۆنانە بپێکێت کە تاران خەریکى دووبارە بونیادنانەوەیانە".
چیای قوڵنگ
ئەم پێگەیە کە لە ئێران بە چیای قوڵنگ ناسراوە، دەکەوێتە نزیک دامەزراوەى نەتەنز. هەواڵگریى ئیسرائیل پێیوایە، تاران هەزاران ئامێرى سەنتەرفیوجى بۆ پیتاندنى یۆرانیۆم بردووەتە نێو توونێلە قووڵەکانى ئەم چیایە. بنکەکە نزیکەى 137 مەتر لەژێر تاشەبەردى گرانێتدا دروستکراوە کە تەنانەت بۆ پێشکەوتووترین بۆمبەکانى ئەمریکاش قورسە بیپێکن. شارەزایان دەڵێن، ئەمریکا پلانى هەیە دەروازەکانى توونێلەکە بپێکێت تاوەکو دەستگەیشتن بەو شوێنە پەکبخات.
تاڵەقان 2 و فۆردۆ
بەپێى وێنەى مانگە دەستکردەکان، ئێران بە نهێنى خەریکى دووبارە بونیادنانەوەى پێگەی (تاڵەقان 2) لەنێو کۆمەڵگەی سەربازیى پارچین لە باشووری رۆژهەڵاتی تارانە. ئەم شوێنە پێشتر بۆ پەرەپێدانى ئەو تەقەمەنییانە بەکاردەهات کە بۆ تەقاندنەوەى بۆمبى ئەتۆمی پێویستن.
هاوکات لە دامەزراوەى (فۆردۆ)ش، هەرچەندە پار فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانى (B-2)ى ئەمریکا زیانى زۆریان بە توونێلەکانى گەیاندووە، بەڵام باڵەخانەکانى سەر زەوی هێشتا ماون و سەنتەرفیوجى تێدایە کە دەکرێ بۆ پیتاندنى یۆرانیۆم بەکاربهێندرێنەوە.
ئەسفەهان و نەتەنز
ناوەندی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئەسفەهان کە گەورەترین ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمیی وڵاتەکەیە، پێشتر بە مووشەکی کروزى ژێردەریاییەکانى ئەمریکا پێکرابوو. هەرچەندە توونێلەکانى هێشتا بە داخراوى ماونەتەوە، بەڵام جموجۆڵى زۆرى ئۆتۆمبێل لەسەر زەوی دەبینرێت، کە رەنگە بۆ دەرهێنانى پاشماوەى ماددە ئەتۆمییەکان بێت. هەروەها بەپێی راپۆرتەکە پاشماوەى باڵەخانەکانى نەتەنزیش کە لە مانگى ئازاری ئەم ساڵدا دووبارە بۆردوومان کرانەوە، هێشتا لە لیستی ئامانجە ئەگەرییەکانى ئەمریکادان.
هەڕەشەکانى دۆناڵد ترەمپ بە "هێرشێکى فراوان" لە کاتێکدایە کە جەنگی ئێران پێى ناوەتە پێنجەم مانگییەوە. لە حوزەیرانى 2025، ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانى بەناوى چەکوچی نیوەشەو دژی سێ بنکەى سەرەکیى ئەتۆمیى ئێران بەڕێوەبرد کە تێیدا بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمى پیتێنراو لەژێر داروپەردووى بنکەکاندا پەستێندران.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامە ئەمریکییەکان، وەستاندنى هێرشە "فراوان"ـەکەى ئەمریکا بۆ سەر ئێران دوو هۆکارى سەرەکى لەپشتە کە بریتین لە کەمبوونەوەى مووشەکى بەرگریی سیستمەکانى پاتریۆت و تاد لە کۆگەکان و، بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکانى عومان و ئێران بۆ کردنەوەى تەنگەى هورمز.


.webp&w=3840&q=75)
