رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی رووسیا رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ لە ریازی سعودیە بەڕێوەدەچێت.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا لە راگەیێنداوێکدا لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا گوتی: "ئامادەکاری دەکرێت؛ دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان دەستپێبکەن."
یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری سەرۆکی رووسیا زانیاری زیاتری دا و رایگەیاند: "کۆبوونەوەکان رۆژی دووشەممە 24ـی ئادار دەکرێن."
سەرەتای ئەم هەفتەیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ هەریەکە لە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی پرسی ئاگربەست قسەی کرد.
رۆژی چوارشەممە، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا لە سعودیە دووبارە کۆببنەوە.
هەمان رۆژ، مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، تیمە تەکنیکییەکانی رووسیا و ئەمریکا لە ریازی سعودیە کۆدەبنەوە.
رۆژی 18ـی ئاداری 2025، ترەمپ و پووتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنی 90 خولەکییان ئەنجامدا.
کۆشکی سپی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە گوتی: "هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئاشتی و ئاگربەست، بە ئاگربەست بۆ سەر وێستگە وزەیی و ژێرخانی ئابووری دەستپێبکات؛ هەروەها رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆی تەکنیکی بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی دەریایی لە دەریای رەش، دواتر ئاگربەستی تەواو و ئاشتی هەمیشەیی. ئەم گفتوگۆیانە دەستبەجێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەست پێدەکەن."
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد: "هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییەکی دووقۆڵیی باشتر لەنێوان ئەمریکا و رووسیادا هەبێت و ئەوەش لایەنی ئەرێنی زۆر گەورەی دەبێت. کاتێکیش ئاشتی بەدەست دەهێندرێت، مامەڵەی ئابووریی زەبەلاح و سەقامگیریی جیۆپۆلەتیکی لەخۆدەگرێت."
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کیێڤی پایتەختەوە سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و پووتین گوتی: "ئامانجی پووتین لاوازکردنی ئۆکراینایە" و لەبارەی مەرجەکانی سەرۆکی رووسیاش بۆ راگرتنی ئەو جەنگە سێ ساڵییە گوتی: "مەرجەکانی پووتین بۆ ئاگربەست ئەوە دەردەخەن کە رووسیا ئامادە نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ