رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی گەرمای مێژوویی و تووند سەرانسەری ئەورووپای شۆک کردووە و ریکۆردی نوێی مێژوویی لە ئەڵمانیا، دانیمارک و چیک تۆمارکراون. بەگوێرەی ئامارەکان، لانیکەم 193 ملیۆن کەس لەم هەفتەیەدا رووبەڕووی پلەی گەرمای سەرووی 35 پلەی سیلیزی بوونەتەوە و کارەسات و زیانی تەندروستیی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
زانایان هۆشداری دەدەن، ئەم شەپۆلە گەرمایانە نیشانەیەکی روونی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانین کە بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنییە بەبەردبووەکانەوە لەلایەن مرۆڤەوە دروستبووە و لە داهاتوودا تووندتر و درێژخایەنتر دەبن. پسپۆڕان دەڵێن "گومەزێکی گەرمی" کە لە باکووری ئەفریقاوە هاتووە، هۆکاری ئەم کەشوهەوا توندەیە.
تۆمارە مێژووییەکان لە ئەڵمانیا، چیک و دانیمارک
ئەڵمانیا: رۆژی شەممە 27-06-2026، وێستگەی درێڤیتز لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بە فەرمی پلەی گەرمای 41.5 پلەی سیلیزی تۆمارکرد کە بەرزترین پلەیە لە مێژووی وڵاتەکەدا. ئەمەش ریکۆردی پێشووتری شکاند کە تەنیا رۆژێک پێشتر بە 41.3 پلە لە شاری ساربڕوکن لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە تۆمارکرابوو.
چیک: دەزگەی کەشوهەوای چیک (CHMI) رایگەیاند، رۆژی شەممە بەرزترین پلەی گەرمای مێژوویی لە وڵاتەکەدا بە 40.6 پلەی سیلیزی لە وێستگەی دۆکسانی لە باکووری پراگ تۆمارکرا، کە ریکۆردی پێشووی 40.4 پلەی ساڵی 2012ـی لە دۆبریخۆڤیچ تێپەڕاند. دەزگەکە هۆشداریدا، رۆژی یەکشەممە پلەی گەرما دەگاتە 41 پلە. ئەمە یەکەمجارە لە مانگی حوزەیراندا پلەی گەرمای سەرووی 40 پلە لەو وڵاتەدا تۆماربکرێت. بەهۆی گەرماکەوە، پراگ خێرایی ترامەکانی کەمکردەوە بۆ 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا (و 10 کیلۆمەتر لە ژێر پردەکاندا) بۆ رێگری لە خواربوونی هێڵەکان.
دانیمارک: پەیمانگەی کەشوهەوای دانیمارک (DMI) رایگەیاند، ریکۆردی نوێی 37.0 پلەی سیلیزی لە ئۆدم لە باکووری ئارھوس تۆمارکراوە، کە تەنیا کاژێرێک پێشتر ریکۆردی 36.6 پلەی لە باکووری ئۆدێنسێ تۆمارکردبوو. ریکۆردی پێشوو 36.4 پلەی ساڵی 1975 بوو. ئەم پێشهاتە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی فیستیڤاڵی مۆسیقای رۆسکیلدێ بە بەشداریی 50,000 کەس، کە تێیدا وێستگەی ئاوی زۆر دابینکراوە. پیتەر تانێڤ، شارەزای کەشوهەوا رایگەیاند گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکییە و تەنیا کاتی دەوێت تا دەگەنە 40 پلە لە دانیمارک.
سوێدی هاوسنووریش هۆشداریدا، پلەی گەرما لە باشووری وڵاتەکە دەگاتە 37 پلە.
داخرانی وێستگە ئەتۆمییەکان و ریکۆردی سویسرا و بەریتانیا
بەهۆی مەترسیی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ئاوی رووبارەکان و فێنک نەکردنەوەی پێویست، سویسرا و فەرەنسا وێستگە ئەتۆمییەکانیان داخست. کۆمپانیای ئەکسپۆ لە سویسرا رایگەیاند، هەردوو کوورەی ئەتۆمیی وێستگەی ئەورووپا (بێزناو)یان داخستووە دوای ئەوەی پلەی گەرمیی رووباری ئار گەیشتە 25 پلەی سیلیزی.
لە بەریتانیا، گەرمترین پلەی گەرمای مانگی حوزەیران بە 37.3 پلە لە گوندی سانتۆن داونهام تۆمارکرا، لە کاتێکدا بازل لە سویسرا گەیشتە 38.8 پلە. کلێر نوڵیس، گوتەبێژی رێکخراوی کەشوهەوای جیهانی (WMO) رایگەیاند، گەرماکە چەندین ریکۆردی شکاندووە و کاریگەریی تووندی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، کشتوکاڵ و کەرتی کار هەیە.
ئاماری خنکان و مردنی منداڵان
سێباستیان لێکۆرنو، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، لە 18ـی حوزەیرانەوە بەهۆی گەرماکەوە 40 کەس کە زۆربەیان گەنجن لە فەرەنسا خنکاون و رووداوەکەی بە "بەڵایەکی تراژیدی" وەسفکرد.
لە بەلجیکاش، دوو گەنجی تەمەن 17 ساڵ لە گۆمێکی دەستکرددا خنکان. هەروەها لە شاری مارسێلی فەرەنسا، منداڵێکی ساوا لە ناو ئۆتۆمبێلێکی گەرمدا دۆزرایەوە و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
لە پۆڵاندا، هێڵی ئاسنی PKP Intercity هۆشداریدا لە خواربوونی هێڵەکان و تێکچوونی کێبڵەکان بەهۆی گەرما و کەمبارانی مانگی ئایار کە مەترسیی ئاگرکەوتنەوەی لە دارستانەکاندا زیادکردووە.
لە هۆڵەندا، فیستیڤاڵی چوار رۆژەی میوزیکی تەکنۆ (Defqon.1) هەڵوەشێندرایەوە. فیستیڤاڵی لاگۆ لاگۆش فرۆشتنی کحولی سنووردار کرد. لە بەلجیکاش، رێوڕەسمی ساڵانەی دووبارەکردنەوەی شەڕی واترلۆی ناپۆلیۆن بەهۆی گەرماکەوە هەڵوەشێندرایەوە.
شەپۆلەکە لە رۆژئاوای ئەورووپاوە رووی لە بالکان کردووە و پلەی گەرما لە سربیا، بۆسنیا، کرواتیا، کۆسۆڤۆ، مۆنتینیگرۆ و مەکدۆنیای باکوور دەگاتە 39 پلە.
رۆمانیا و سلۆڤاکیا باری نائاسایی سووریان بۆ رۆژانی دووشەممە تاوەکو چوارشەممە راگەیاند، سلۆڤاکیا نزمترین پلەی شەوی رابردووی بە 26.3 پلە تۆمارکرد کە گەرمترین شەوی مێژووییەتی.



