رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی حەوت ملیۆن کەس بەهۆی بوومەلەرزەکانی ڤەنزوێلاوە زیانیان بەرکەوتووە، کە بووەتە هۆی مردنی نزیکەی هەزار کەس و بێسەروشوێنبوونی دەیان هەزار کەسی دیکە.
رۆژی شەممە 27-06-2026، رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) رایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە لە داتا بەردەستەکانی دانیشتووان و زیانەکان، گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە "6.76 ملیۆن کەس بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی 24ی حوزەیرانی ڤەنزوێلاوە زیانیان بەرکەوتووە."
رێکخراوەکە لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریدا، کاریگەریی مرۆیی ئەم کارەساتە زۆرە و تەنیا لە کاراکاسی پایتەخت دوو ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوتووە.
بوومەلەرزە بەهێزەکانی رۆژی چوارشەممە بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە بووە هۆی داڕمانی تەواوی باڵەخانەکان لە ناوچەی لا گوایرا، کە دەکەوێتە باکووری کاراکاس.
ئاماری فەرمیی مردووان گەیشتووەتە 920 کەس، لە کاتێکدا دەیان هاووڵاتی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا لەو شارە کەنارییە و شوێنەکانی دیکە ماونەتەوە.
تۆم فلێتچەر، بەرپرسی فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، زیاتر لە 50,000 کەس لەو وڵاتەدا بێسەروشوێنن.
رێکخراوی IOM رایگەیاند، لەگەڵ تاقیگەی ژیریی دەستکردی مایکرۆسۆفت (Microsoft AI for Good Lab) کاریان کردووە بۆ شیکاریی نەخشەکێشانی سەرەتایی مانگی دەستکرد، کە دەریخستووە 31.5٪ـی باڵەخانەکانی شارۆچکەی کاتیا لا مار (Catia La Mar) زیانیان بەرکەوتووە.
رێکخراوەکە گوتی، ئەم پێوانەکردنە یارمەتی تیمەکانی فریاگوزاری دەدەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کۆمەڵگانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بۆ ئەوەی کارئاسانی بکەن لە پێشکێشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان.
ئەیمی پۆپ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "کاژێر و رۆژە یەکەمەکانی دوای کارەساتەکە یەکلاکەرەوەن."
ئەیمی پۆپ گوتی، رێکخراوی IOM بە خێرایی کار دەکات؛ کەرەستەی فریاگوزاری پێشوەختە دابەش دەکرێت و "لەگەڵ حکومەت و هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ دابینکردنی پەناگەی فریاگوزاری."
بەڕێوەبەری رێکخراوەکە هۆشداریدا لەوەی، رێژەی ئاوارەبوون لە وڵاتەکەدا بە دڵنیاییەوە بەرز دەبێتەوە، کە پێشتریش پێش روودانی بوومەلەرزەکە رووبەڕووی قەیرانی مرۆیی ببووەوە.
ئاژانسی کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پێداویستییەکان "دەستبەجێ و بەرچاون،" خێزانەکان کە هەموو شتێکیان لەدەستداوە پێویستیان بە پەناگەی بەپەلە، ئاوی خاوەن، خزمەتگوزاریی تەندروستی و پاراستن هەیە.



.jpg&w=3840&q=75)