رووداو دیجیتاڵ
لەو دوو بوومەلەرزەیەی رۆژی چوارشەممە ڤەنزوێلایان هەژاند، تاوەکو ئێستا مردنی هەزار و 430 کەس پشتڕاست کراوەتەوە. لە کاتێکدا ملیۆنان کەس لە بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک تەندروستی و ئاوی پاک دەترسن و یەکەمین فرۆکەی هاوکاریی سەربازیی ئەمریکاش گەیشتووەتە کاراکاس.
دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، بۆ هێورکردنەوەی ناڕەزایەتییە تووندەکانی هاووڵاتییان لە بەرامبەر سستیی وەڵامدانەوەی لایەنە فەرمییەکان رایگەیاند، وڵاتەکە "تەنیا نییە."
ئەمریکا رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سیمۆن بۆلیڤار ئێستا کاردەکات و فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە جۆری لەوێ دەنیشنەوە، هاوکات کەشتییەکی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکاش گەیشتووەتە کەناراوەکان.
نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) رایگەیاند، تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن لە لانیکەم 17 وڵاتەوە کارا کراون بۆ دۆزینەوەی رزگاربووان.
رزگارکردنی کۆرپەیەک دوای 32 کاژێر لەژێر داروپەردوو
شارەزایانی بوومەلەرزەزانی دەڵێن، 72 کاژێری یەکەمی دوای کارەساتەکە کاتێکی زێڕینە بۆ دۆزینەوەی کەسانی زیندووی ژێر داروپەردوو. لە گەرمەی ئەم دۆخە خەمناکەدا، رۆژی هەینی خەڵکی لا گوایرا، کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، توانییان کۆرپەیەک بە زیندوویی لەژێر داروپەردووی خانووێکدا دەربهێنن کە 32 کاژێر لەگەڵ دایکی گیریان خواردبوو.
ئاژانسی کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، نزیکەی 6.76 ملیۆن کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و پێویستیان بە پەناگەی بەپەلە، ئاوی خاوێن، پێداویستییە سەرەتاییەکان و پاراستن هەیە.
خۆرخی رۆدریگێز، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانیی ڤەنزوێلا رۆژی شەممە ئامارێکی نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە 1,430 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3,238 کەسی دیکەش بریندار بوون، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان زیانە مادییەکان بە 6.7 ملیار دۆلار (هاوتای 6%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ڤەنزوێلا) دەخەمڵێنێت.
تۆم فلێتچەر، بەرپرسی باڵای فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ژمارەی مردووان لە بەرزبوونەوەدا دەبێت و ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 50,000 کەس بێسەروشوێنن.
هاووڵاتییانی ڤەنزوێلا لە حکومەت تووڕەن. یێسیکا مەندۆزای تەمەن 43 ساڵ، تەرمی کچەکەی، یەسمیار رۆدریگێزی تەمەن 25 ساڵ و زاواکەی، خۆمێل ئانایای تەمەن 26 ساڵی گواستەوە بۆ مردووشۆرێکی کاراکاس، دوای ئەوەی لەژێر خانووە تێکچووەکەیاندا لە لا گوایرا گیانیان لەدەستدا.
مەندۆزا بە گریانەوە گوتی: "خۆمان ئەوانمان دەرهێنا. هیچ هاوکارییەک نەگەیشت."
دێلسی رۆدریگێز رایگەیاند، پەیوەندیی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە کردووە و ئەوانیش پابەندبوونی خۆیان بۆ بەردەوامیی پاڵپشتییەکان دووپات کردووەتەوە.
واشنتن شاندێکی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی لە زیاتر لە 250 کارمەند، لەنێویشیاندا سێ یەکەی تایبەتی گەڕان و رزگارکردن بە سەگی مەشقپێکراوەوە رەوانەکردووه.
ئەمە خراپترین بوومەلەرزەی ڤەنزوێلایە لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکدا. نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر رایگەیاندبوو تەنانەت پێش رووداوەکەش ملیۆنان کەس بەهۆی نەبوونی هاوکاری و خزمەتگوزاری لە قەیراندا بوون.
بوومەلەرزە هاوشێوەکانی مێژوو پێشتر زیاتر لە 200,000 کەسیان لە هایتی لە 2010 و 73,000 کەسیان لە کشمیر لە 2005ـدا کوشتبوو.



