لە 16 شاری ئەوروپا خۆپێشاندان دژی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکرێت

20-01-2024
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رەوەندی کوردی لە ژمارەیەک شاری وڵاتانی ئەوروپایی بۆ سەرکۆنەی هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و لە بەردەم باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی ئێران و ئەمریکا گردبوونەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 20-01-2024، بەگوتەی زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا، رەوەندی کوردی بەرامبەر بە هێرشەکەی سوپای پاسداران، خوازیاری گرتنەبەری هەڵوێستی کردەیین لەلایەن بەرپرسی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی چی دیکە رێگە بە دەستدرێژیکردنە سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان نەدرێت.
 
کاژێر 11:30ـی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن کە چوار کوژراو و 16 برینداری لێکەوتەوە.
 
رەوەندی کوردی لە پێنج گەورە شاری ئەڵمانیا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایی، بە مەبەستی سەرکۆنەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، لە بەردەم کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانی ئێران، ئەمریکا و نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان کرد.
 
 
کوردانی باشوور، باکوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوای کوردستان لە تاراوگە، لە خۆپێشاندانەکەدا بەشدارن و وەک پەیامنێری رووداو گوتی، زۆربەی خۆپێشاندەران ئەوانەن کە لە رابردوودا چالاکڤانی کۆمەڵگەی مەدەنی بوونە.
 
لە کاتێکدا لە هەندێک لە شارەکانی ئەڵمانیا پلەی گەرما لە ژێر سفرە، خەڵکێکی یەکجار زۆر لە خۆپێشاندانەکەدا بەشدارن. حیسامەدین یەکێکە لەو هاونیشتمانییانەی کە لە شاری دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا نیشتەجێیە و لە بەردەم کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، ''ئەمڕۆ گردبوونەوەی ئێمە زۆر پێویستە بۆ ئەوەی دەنگی هەرێمی کوردستان و هەولێر لە رێگەی کوردانی تاراوگەوە بگەیێندرێتە وڵاتانی دیکە.''
 
هاونیشتمانییەکی دیکە قسەی بۆ زنار شینۆ کرد و گوتی، ''دەمانەوێت بە رای گشتی و ئەڵمانیا بڵێین کە ئێمە نەتەوەیەکی ئاشتیخوازین و هەوڵی سەقامگیری دەدەین لە ناوچەکەدا، بەڵام بەداخەوە بەردەوام دەکەوینە بەر هێرشی ناڕەوای چوار دەوری خۆمان.''
 
پاساوی ئێران بۆ هێرشە مووشەکییەکە، بوونی بارەگای دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل - مۆسادە لە هەولێر، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رەتیدەکەنەوە کە هیچ بارەگایەکی ئیسرائیل لە هەولێر بووبێت.
 
مەسعود تەک، سەرۆکی پێشوو و ئەندامی ئێستای ئەنجوومەنی پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە نێو خۆپێشاندەران لە شاری دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا بە پەیامنێری رووداوی گوت، ئەگەر پارت و هێزە سیاسییەکانی کوردستان یەکگرتوو بن، بێگومان مەترسییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش کەمتر دەبێتەوە.
 
 
مەسعود تەک ئاماژەی بەوە کرد، ''بەراورد بە رابردوو، رەوەندی کوردی ئۆرگانیزەتر[رێکخراوتر] بووە و رێکخستنێکی باشتریان هەیە، بەڵام پێویستە یەکگرتووتر بن بۆ ئەنجامدانی کار و خەباتی هاوبەشی زیاتر.''
 
ئەو کەسایەتییە سیاسییە باسی لە گرنگیی ''خەباتی لۆبی'' کرد و گوتی، ''پێویستە لە بواری لۆبییەوە زیاتر کار بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت، سیاسییەکانی کورد هێشتا بە باشی لە گرنگیی خەباتی لۆبی تێنەگەیشتوون و پێویستە کێشەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە پەرلەمانی ئەوروپا بخرێنە بەرباس.''
 
بۆردوومانەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، گیانلەدەستدانی خۆی و منداڵێکی کە تەمەنی تەنیا چەند مانگانەیە و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون.
 
 
هاونیشتمانییەک لە دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا لەگەڵ منداڵە یەک ساڵانەکەی بەشداری خۆپێشاندانەکەی کردووە و بە رووداوی گوت، "ژینەی 11 مانگ شەهید دەکەن، بەڵام گەلێک ژینەی دیکە هەن، هەرچەند لە ئێمە بکوژن، ناتوانن بنبڕمان بکەن.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.