رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، پێشوازی لە تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا دەکات و بە هەنگاوێکی "مێژوویی" ناوی دەبات.
رۆژی سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، تۆم باراک لە پلاتفۆرمی (ئێکس) رایگەیاند، پلانی بەردەوامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بووەتەهۆی ئەوەی سووریایەکی یەکگرتوو بۆ هەمووان بێتە کایەوە.
تۆم باراک ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرکردایەتییە دووربینەکەی سەرۆک ترەمپ رێگەی خۆشکرد بۆ تێکەڵبوونی رێکوپێکی هەسەدە بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، ئەمەش دووبەرەکییەکانی رابردووی گۆڕی بۆ هاوبەشییەکی هەمیشەیی."
تۆم باراک ئاماژەی بەوەش کرد، داننان بە زمانی کوردیدا لە پڕۆسەی خوێندن و پێدانی پێگەی گرنگ بە هەریەک لە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەنێو حکومەتی سووریادا، رێزگرتنە لە سەرکردایەتی و قوربانیدانی کورد و ئەو رۆڵە بونیاتنەرەی لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەدا گێڕاویەتی.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، تۆم باراک جەختی کردەوە کە ئەمە مۆدێلێکی راستەقینەی تێکەڵبوونە و گوتی: "ئەمە پڕۆسەی براوە و دۆڕاو نییە، بەڵکو گەیشتنە بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەتی سووریا لەژێر سایەی یەک سوپا، یەک حکومەت و یەک دەوڵەت."
ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی لە گوتارێکدا هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتی راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان دەبنە بەشێک لە دامەزراوە سەربازییە نیشتمانییەکانی سووریا.
ئەمڕۆ شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دیمەشق لەگەڵ بەرپرسانی سووریا، لەوانەش ئەحمەد شەرع کۆبووەوە.
سێ سەرچاوەی ئاگادار لە کۆبوونەوەکان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا پێشنیاز کراوە مەزڵووم عەبدی ببێتە راوێژکاری ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا.
ئەو سەرچاوانەی رووداو ئاماژەیان بەوەش کرد، پێشنیاز بۆ ئیلهام ئەحمەدیش کراوە لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی سووریا بێت.
یەکێک لە سەرچاوەکان بە رووداوی راگەیاند، مەزڵووم عەبدی پێشنیازەکەی پەسند کردووە و دەبێتە راوێژکار.
هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی ئەم هەواڵە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان باسی لێوە کراوە، پرسی خوێندنە بە زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان و پێگەی کوردییە لەو وڵاتەدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو دۆسیەیە بە رووداوی گوت، شاندەکە بە پێویستی زانیوە بەشێکی زۆری وانەکان لە رۆژئاوای کوردستان بە زمانی کوردی بن و ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە دەستووری سووریادا بناسرێ.
وەک سەرچاوەکەی رووداو گوتی، هەردوولا زۆر نزیک بوون و تەنانەت رێککەوتنێکی سەرەتاییش هەیە کە وانە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبییەکان وەک جوگرافیا، مێژوو و ئەدەب بە زمانی کوردی بن و وانە زانستییەکانیش بە زمانی عەرەبی بن.
.avif&w=3840&q=75)


