رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی وڵات، ئەمڕۆ سێشەممە لە (کۆشکی گەل) لە دیمەشق پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی و شاندێکی یاوەری کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی سووریا، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و زیاد عاییش، پارێزگاری دێرەزوور بەڕێوەچووە. لە دیدارەکەدا باس لە چەند دۆسیەیەکی گرنگ کراوە کە پەیوەستن بە پڕۆسەی تێکەڵبوون بە دامەزراوەکانی دەوڵەت.
سەرۆکایەتیی سووریا ئاماژەی بەوە کردووە کە "لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوەکانی قۆناخی داهاتوو تاوتوێ کراون، بە ئامانجی بەهێزکردنی پێگەی دەوڵەت و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا."
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی لە گوتارێکدا هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتی راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان دەبنە بەشێک لە دامەزراوە سەربازییە نیشتمانییەکانی سووریا.
مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە دۆخەکە گۆڕاوە و وڵات چووەتە قۆناخێکی نوێوە. ئەو فەرماندە کوردە گوتی: "دوای رێککەوتن لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد شەڕع و تەواوبوونی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانمان لەنێو لیواکانی سوپای سووریادا، ئەمڕۆ بە بەرپرسیارێتییەکی تەواوەوە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ رادەگەیێنین."
سەبارەت بە مافە کولتوورییەکانیش، مەزڵووم عەبدی پرسی زمانی کوردی بە یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکان ناوبرد و گوتی: "مافی خوێندن بە زمانی کوردی یەکێکە لە مافە هەرە گرنگەکان کە گەلەکەمان چەندین دەیەیە هەوڵی بۆ دەدات؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەحمەد شەڕع بەڵێنی پاراستنی ئەم مافەی داوە و بڕیارە هەر لەم ساڵدا جێبەجێ بکرێ.


.avif&w=3840&q=75)
