رووداو دیجیتاڵ
شێخ حیکمەت هەجەری، رێبەری باڵای دروزەکانی سووریا، لە لێدوانێکدا جەختی لە پەیوەندییە مێژوویی و ئایینییەکانی نێوان پێکهاتەی دروز و دەوڵەتی ئیسرائیل کردەوە و رایگەیاند، دروزەکان بەشێکی دانەبڕاون لە ئیسرائیل و چاوەڕوانی گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 25ی ئابی 2026، رێبەری باڵای دروزەکانی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، ئەوان لە رووی بیروباوەڕ و مێژووەوە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل هاوبەشن و گوتی: "ئێمە وەک یەکتاپەرستان بەشێکین لە ئیسرائیل و لێی جیا نابینەوە؛ دەمانەوێ ئەم وڵاتە و ئەم بیرۆکەیە بپارێزین."
حیکمەت هەجەری ئاماژەی بەوەش کرد، بونیاتنانی وڵاتان لە ناوچەکەدا پێویستە لەسەر بنەمای یەکگرتوویی مرۆیی بێت و گوتی، چاوەڕوانی ئەنجام و گۆڕانکاریی نوێن لە رۆژانی داهاتوودا کە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا، ئەورووپییەکان و ئەمریکییەکانەوە لە رێگەی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە ئاراستە دەکرێن.
رێبەری دروزەکانی سووریا (کە ناوەندی پێگەیان لە پارێزگای سوەیدای باشووری سووریایە) تیشکی خستە سەر پرسی سەقامگیریی ناوچەکە و گوتی، "پێش هەموو شتێک، ئێمە بایەخ بە سەقامگیریی ناوچەی باشان (سوەیدا دەگرێتەوە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی دروزن) دەدەین، چونکە ئەم ناوچەیە دەبێتە بناخە و بنکەی سەرەکی بۆ بونیاتنانی سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەیی."
لە کۆتایی قسەکانیدا حیکمەت هەجەری داوایەکی سیاسیی خستەڕوو و رایگەیاند، "کاتێک ناوچەی باشان جێگیر دەبێت، دەبێت مافی تەواوەتیی سەروەریی خۆی وەربگرێ و مافی ئەوەی هەبێت بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات."
کانوونی یەکەمی 2024، گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو کاتی سووریا دەسەڵاتی ئەسەدیان رووخاند و حکومەتێکیان پێکهێنا. دواتر، دیمەشق چەند جارێک هەوڵی دا ناوچەکانی پارێزگای سوەیدا کۆنترۆڵ بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لەو کاتەیشەوە سوپای ئیسرائیل چەند جارێک بۆردوومانی هێزەکانی سووریای وەکو پاڵپشتییەک بۆ دروزەکان کردووە.
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ژمارەی دانیشتووانی سووریا 20 ملیۆن کەسە و 750 هەزاریان دروزن.

.avif&w=3840&q=75)

