زیلینسکی: قورسە بەبێ یارمەتیی ئەمریکا پاڵپشتیی ئۆکراینا بکرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ڤۆلۆدیمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا
ڤۆلۆدیمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئۆکراینا لە بەلجیکاوە رایگەیاند قورسە بەبێ یارمەتیی ئەمریکا، پاڵپشتی لە وڵاتەکەی بکرێت
 
ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو لە برۆکسل ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19-12-2024) لە ڤۆلۆدیمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینای پرسی، "چاوەڕێی چی لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەکەن؟"
 
سەرۆکی ئۆکراینا لە وەڵامدا رایگەیاند "پێموایە دەبێت دووبارە پشت بە یەکگرتوویی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا ببەستین. قورسە بەبێ یارمەتیی ئەمریکا پاڵپشتی لە ئۆکراینا بکرێت. ئەوەش ئەم شتەیە کە ئێمە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین، کاتێک دەچێتە کۆشکی سپی."
 
شوباتی 2022 جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. تاوەکو ئێستا مۆسکۆ سەرکەوتوو بووە لە کۆنترۆڵکردنی نزیکەی 20٪ـی خاکی ئۆکراینا.
 
ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرایناوە بە بەهای دەیان ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی پێشکێشی ئۆکراینا کردووە. بەگشتیش تاوەکو ئێستا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە بەهای نزیکەی 400 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینایان کردووە، کە لەو بڕە نزیکەی 120 ملیاری هاوکاریی سەربازی بووە. 
 
گوتەکانی زیلنسکی لەکاتێکدان، دۆناڵد ترەمپ 11-12-2024 رایگەیاندبوو دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، کاری لەپێشینەی وەستاندنی جەنگی ئۆکراینا دەبێت. هەروەها گوتی "جەنگی ئۆکراینا لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەختترە." 
 
ترەمپ گوتیشی، "هەردوو وڵاتەکە [ئۆکراینا و رووسیا] ئەو ژمارە سەربازە لەدەست دەدەن کە کەس ناتوانێت بڕوای پێبکات. سەتان هەزار سەرباز لەو جەنگەدا کوژراون." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە