رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن و کیێڤ هاوڕان لەسەر ئەوەی پێویستە، "ئەم جەنگە بێمانایەی رووسیا پێش وەرزی زستان کۆتایی پێبێت".
زیلینسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کۆبوونەوەکەی بە "ئەرێنی و بەرهەمدار" لە قەڵەم دا و نووسیویەتی: "کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی و بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبوو. هەردوو وڵات، ئەمریکا و ئۆکراینا، دەخوازن ئەم جەنگە بێمانایەی رووسیا پێش وەرزی زستان کۆتایی پێبێت. تاوتوێی ئەو هەنگاوە ئەگەرییانەمان کرد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کە دەتوانن رێگە لەبەردەم دیپلۆماسیدا بکەنەوە."
سەرۆکی ئۆکراینا گوتیشی، تیمە تەکنیکی و سەربازییەکانی واشنتن و کیێڤ لە کارکردنی بەردەوامدان بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکی سیستەمی پاتریۆت لە نێوخۆی ئۆکراینادا.
زیلینسکی گوتیشی، خستنەگەڕی ئەم پڕۆژە پیشەسازییە سەربازییە رۆڵێکی چارەنووسساز لە پاراستنی ژیانی هاووڵاتییاندا دەگێڕێت و گوتی: "ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی ژیانی خەڵک، ئەگەر بێتو رووسیا دانوستاندنەکان پشتگوێ بخات و لەم زستانە و دواتریشدا بەردەوام بێت لە گرەوکردن لەسەر تیرۆری مووشەکی بالیستی دژ بە گەلەکەمان."
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەش کرد کە جگە لە هەنگاوە دیپلۆماسییەکان، لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی ژمارەیەک پرسی دووقۆڵی و فرەلایەنیان کردووە، لە سەرووی هەمووشیانەوە دەستەبەرکردنی، "پاکێجی وەرزی زستان بۆ بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا".
ئەم پاکێجە ئامانج لێی پاراستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، وزە و ژێرخانی سڤیلی شارە گەورەکانی ئۆکراینایە لە بەرامبەر شەپۆلی نوێی بۆردوومانەکانی مۆسکۆ. لە کۆتایی پەیامەکەیدا، زێلینسکی گوتی: "سوپاسی سەرۆک ترەمپ، تیمەکەی و تەواوی گەلی ئەمریکا دەکەم بۆ ئەو پشتگیرییە بەردەوامەی پێشکەشی ئۆکراینای دەکەن."
سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت کە لەلایەن کۆمپانیای رەیسیۆنی ئەمریکییەوە بەرهەمدەهێنرێت، بە پێشکەوتووترین سیستەمی بەرپەرچدانەوەی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی جەنگی دادەنرێت لە جیهاندا. لە سەرەتای جەنگەوە، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئۆکراینا کەمیی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی و سستیی هێڵی دابینکردنی بووە لە ئەمریکاوە، بەوپێیەی بەرهەمهێنانی ئەم مووشەکانە کاتێکی زۆری پێویستە و تێچووی هەر مووشەکێک لە نێوان سێ بۆ چوار ملیۆن دۆلاردایە.



