رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، شی جینپینگ، سەرۆکی چین، دوای نزیکەی 10 ساڵ سەردانێکی دەوڵەتی بۆ واشنتن ئەنجام دەدات و لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێشوازیی لێدەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بۆچوونی جیاواز لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکادا لەبارەی سەردانەکە و پرسە گرنگەکانی نێوان هەردوو وڵات هەیە.
بڕیارە دۆناڵد ترەمپ بۆ پێشوازی لە هاوتا چینییەکەی بچێتە فڕۆکەخانە، کە ئەمە هەنگاوێکی دەگمەنە لە مێژووی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، چونکە بە شێوەیەکی باو، سەرۆکەکان لە کۆشکی سپی پێشوازی لە میوانەکانیان دەکەن.
سەردانەکە کە چاوی میدیاکانی جیهانی لەسەرە، لەنێوخۆی ئەمریکاشدا گرنگیی زۆری پێدەدرێت. بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس جەخت لەسەر پێویستیی هاوئاهەنگیی نێوان واشنتن و پەکین دەکەنەوە لە بواری ژیریی دەستکرددا (AI).
کۆنگرێسمان لو کۆریا، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، کە بەم دواییانە سەردانی چینی کردووە، بە رووداوی راگەیاند: ''پێویستە هەردوو وڵات بیر لە کارکردنی پێکەوەیی بکەنەوە بۆ ئەوەی دڵنیابین کە ژیریی دەستکرد لە خزمەتی هەموو کەسێکدایە.''
ناوبراو گوتیشی: ''چین و ئەمریکا وەک پێشەنگی ئابووری و تەکنەلۆژیی جیهان، پێویستە ئاڕاستە بۆ باقیی جیهان دیاری بکەن و کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە بابەتە سەربازییەکان بهێندرێت.''
بەڵام لە بەرامبەردا، هەندێک ئەندامی دیکەی کۆنگرێس نیگەرانن لە نزیکبوونەوەی ترەمپ لە سەرۆکی چین و پێیان وایە، لەبری پێداگری لەسەر پرسە جیدییەکان، سەرنجی لەسەر بابەتە تەشریفاتییەکان دەبێت.
کۆنگرێسمان دەیڤ من، ئەندامێکی دیکەی کۆنگرێسە و دەڵێت: ''ئەوەی سەبارەت بە دۆناڵد ترەمپ هەمیشە نەگۆڕە ئەوەیە کە ناتوانیت پێشبینی بکەیت چی دەکات.''
دەیڤ من ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتێکدا پرسەکانی وەک ژیریی دەستکرد، گرژییەکانی تایوان و کۆریا و رۆڵی چین لە یارمەتیدانی رکابەرەکانی ئەمریکا جێگەی نیگەرانیی گەورەن، ''پێدەچێت ترەمپ سەرنجی بخاتە سەر شتی بێمانا.''
بەگوێرەی کارنامەی سەردانەکە، رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەی سەرەکیی نێوان ترەمپ و شی جینپینگ بەڕێوەدەچێت و بە رێوڕەسمێکی شاهانە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکی چین دەکرێت. ئێوارەی هەمان رۆژیش، ترەمپ میوانداریی ئێوارەخوانێکی گەورەی بۆ دەکات.
رۆژی هەینی، لە دوا رۆژی سەردانەکەیدا، هەردوو سەرۆک پێکەوە سەردانی ناوەندی ئارشیڤی نیشتمانیی ئەمریکا دەکەن بۆ بینینی بەڵگەنامە مێژووییەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دواتر ماڵئاوایی لە یەکدی دەکەن.



