رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە گوتارێکدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، رەخنەی لە لۆژیکی "هێز سەروەرە" گرت و هۆشداری دا لەوەی تاوانەکانی جەنگ بەپیشەسازی کراون؛ هاوکات کردنەوەی تەنگەی هورمز، راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراینا و داماڵینی چەکی حیزبوڵڵای وەک کاری لەپێشینە دانا.
ماکرۆن لە دەستپێکی گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە ملکەچی بێئومێدی نابین. هەندێک دەڵێن هێز ماف دروست دەکات، بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەک خۆمان رادەستی ئەم جۆرە گوتارە ناکەین. لە جیهاندا تاوانەکانی جەنگ بەپیشەسازی کراون و بینەری وێرانکردنی ژێرخانی مەدەنی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤین، کە ئەمەش سەردەمێکی نوێی دڕندەییە."
"کردنەوەی تەنگەی هورمز لەپێشینەی کارەکانە"
سەرۆکی فەرەنسا تیشکی خستە سەر قەیرانی وزە و ئاسایشی دەریایی لە ناوچەکەدا و گوتی: "ئێمە خاوەنی هاوپەیمانێتییەکی سەربەخۆی فرەنەتەوەیین بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز. نابێت ئەم تەنگەیە بۆ باج وەرگرتن و گوشار بەکاربهێندرێ."
ماکرۆن گوتیشی: "ئەمە پرەنسیپێکی سەرەکیی یاسای نێودەوڵەتییە و لە بەرژەوەندیی هەمووماندایە کە کەشتییەکان بتوانن بە سەلامەتی بە تەنگەکەدا تێپەڕن و بەرژەوەندیی وزەی هەموو وڵاتان پارێزراو بێت؛ بۆیە کردنەوەی تەنگەی هورمز لەپێشینەی کارەکانمانە."
"راگرتنی دوولایەنەی هێرشەکان"
سەبارەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، سەرۆکی فەرەنسا داوای دەستپێکردنی دانوستاندنی خێرای کرد و هۆشداری دا کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، پێویستە لە کەرتی وزەدا بەرگری لە خەڵکی ئۆکراینا بکرێ و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتریان پێبدرێ.
ماکرۆن دەستپێشخەرییەکی بۆ کەمبوونەوەی شەڕەکە خستەڕوو و گوتی: "پشتیوانی لە راگرتنێکی دوولایەنە [ـی هێرشەکان] دەکەین. یەکەمیان راگرتنی هێرشەکانە بۆ سەر کەرتی وزە و ژێرخانی مەدەنی، دووەمیشیان راگرتنی شەڕە لە دەریای رەش تاوەکو رێگە بە هەناردەکردنی دانەوێڵە بدرێ و مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهان نەمێنێت."
فەلەستین، غەززە و هێرشەکانی ئیسرائیل
ماکرۆن رەخنەی لە دۆخی کەرتی غەززە و کەرتی رۆژئاوا گرت و گوتی: "ساڵێک لەمەوبەر لەم هۆڵەدا دەیان دەوڵەت دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا، بەڵام بێدەنگی و بێ کرداری لەسەر غەززە شەرمەزارییە. هەندێک لایەن دەڵێن ئاشتی بەدەستهاتووە، بەڵام ئەوە رێگەی بە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان نەکردووەتەوە."
سەرۆکی فەرەنسا هۆشداریشی دایە تەلئەڤیڤ و گوتی: "ئەوانەی دەڵێن ئاسایشی ئیسرائیل پێویستی بە پێشێلکردنی سەروەریی تەواوی دەوڵەتانی دراوسێیەتی، لە هەڵەیەکی گەورەدان. ئەم تێڕوانینە ئاسایشی ئیسرائیل لە ئێستا و داهاتوودا دەخاتە مەترسییەوە."
سەبارەت بە کەرتی رۆژئاواش ماکرۆن گوتی: "رۆژانە پێشێلکاری دەبینین. حەماس هەرگیز لە کەرتی رۆژئاوا چالاک نەبووە، ئەی ئەم هەموو پێشێلکارییە لە پێناو چیدا دەکرێ؟ دەبێت دان بە مافی رەوای گەلی فەلەستین بۆ ژیان و بوون بنرێ، کە مەرجێکی سەرەکییە بۆ ئاسایشی ئیسرائیلیش."
سەروەریی لوبنان و چەکداماڵینی حیزبوڵڵا
سەرۆکی فەرەنسا باسی لە دۆخی لوبنانیش کرد و گوتی: "تەنیا لوبنانێکی خاوەن سەروەریی تەواو دەتوانێت حیزبوڵڵا لە چەک دابماڵێت و ئاسایش بۆ تەواوی گەلی لوبنان و دراوسێکانی بگەڕێنێتەوە."
لە تەوەرێکی دیکەدا، ماکرۆن دژایەتیی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی داهاتووی تەکنەلۆجیا لەلایەن ئەمریکا و چینەوە دەربڕی و گوتی: "هەندێک کەس دەیانەوێ وا باوەڕمان پێبێنن کە تەنیا دوو زلهێز، ئەمریکا و چین، بڕیار لەسەر ژیریی دەستکرد دەدەن و تەنیا ژمارەیەکی کەم بڕیار لەسەر شێوازی ئەو کۆمەڵگەیە دەدەن کە تێیدا دەژین. بەڵام ئێمە بە دەنگی بەرز دەڵێین نەخێر! دەبێت یاسا نێودەوڵەتییەکان پێوەر بن."



