رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، کۆبانێ سیمبولی ئازایەتیی کوردە و نابێ خوێنڕشتنی زیاتر لەوێ و سووریا هەبێت.
رۆژی سێشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "کۆبانێ سیمبولی شەڕی ئازایانەی کوردەکانە لە دژی داعش. لەدوای 14 ساڵ لە جەنگ، نابێت چیدیکە خوێنڕشتن بەرۆکی خەڵکەکەی بگرێت."
ساڵی 2014 و دوای کۆنترۆڵکردنی بەشێکی خاکی سووریا، داعش دەستی بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی دەوروبەری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان کرد. داعش هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچەیە چڕتر دەکردنەوە و بەرگریی کوردانی شارەکەش بەهێزتر دەبوو. لەو کاتەدا، بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستانیش هێزێکی پشتیوانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ هاوکاریکردنیان نێردرا و داعش لەوێ تێکشکێندرا.
ترسەکان بۆ هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە زیادبووندان.
وەزیرە ئەڵمانییەکە روو دەکاتە تورکیا و دەڵێت: "تورکیاش بەرپرسیارێتیی ئەوەی هەیە پارێزگاری لە یەکپارچەیی سووریا و هیوای بەرقەراربوونی ئاشتی بکات."
ئەم گوتەیە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، رۆژی دووشەممە نامەیەک بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناردووە و ئۆپەراسیۆنی تورکیای بە "چاوەڕوانکراوە" ناوبردووە و داوایکردووە: "گوشار لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بکات هێز نەنێرێتە سەر سنووری باکووری سووریا."
دوێنێش، فەرهاد شامی، بەڕێوبەری راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەبارەی ئاگربەستی درێژخایەن لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوپای نیشتمانی سووریا و گرووپەکانی دیکە کە بە نزیک لە تورکیا دادەندرێن لە ئێکس بڵاویکردەوە، "هەوڵەکان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی درێژخایەن لە منبج و کۆبانێ سەرکەوتوو نەبوون، ئەمە بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ هەوڵە نێوەندگیرییەکان و دوورکەوتنەوەی لە قبووڵکردنی ژمارەیەک خاڵی گرنگ".
بەڕێوبەری راگەیاندنی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد، "بەشێک لەو خاڵانە پەیوەندییان بە گواستنەوەی چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازی منبج و ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیلەوە هەبووە کە دەیانویست بچنە ناوچە سەلامەتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها گواستنەوەی گۆڕی سلێمان شا بۆ شوێنەکەی پێشتری."
پێش هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ و ناوچەکانی دەوروبەری، گۆڕی سلێمان شا لە باشووری کۆبانێ بوو، ئێستا تورکیا دەیەوێت بیگەڕێنێتەوە شوێنەکەی پێشووی، بەڵام بەهۆی نەگەیشتنە رێککەوتن، شکستیهێنا.
بەڕێوبەری راگەیاندنی هەسەدە، تورکیا و ئەو گرووپە چەکدارانی لێیەوە نزیکن بە هەوڵدان بۆ زیادکردن و بەردەوامیدان بە گرژییەکانی نێوانیان تۆمەتبار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ