یەکەم کاروانی کۆچبەران لە ئیتاڵیاوە دەنێردرێتە ئەلبانیا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوی دەریای نێوەڕاست
بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوی دەریای نێوەڕاست
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە بەندەری شینجین لە وڵاتی ئەلبانیا، چاوەڕوانی یەکەم گرووپی کۆچبەران دەکرێت کە بڕیارە لە ئیتاڵیا دەربکرێن. بە پشتبەستن بە رێککەوتنێکی 175 ملیۆن دۆلاری، ساڵانە ئیتاڵیا 36 هەزار کۆچبەر دەنێرێتە سەنتەرەکانی دەستبەسەرداگرن لە ئەلبانیا.
 
یەکەم گرووپ 16 کۆچبەری بەنگلادیشی و میسرین کە رۆژی یەکشەممە لە دەریای نێوەڕاست رزگارکران و گەیشتنە ئیتاڵیا، بەڵام خەونەکانیان بەزوویی کۆتایی پێدێ و سەرجەمیان دەنێردرێنە ئەلبانیا.
 
شارۆچکە 8000 کەسییەکەی ئەلبانیا کە زۆربەیان بژێوی ژیانیان لەسەر راوە ماسییە، کێ دەڵێ بەو دۆخە رازین!
 
داشامیرا دیدە، ماسیگرە و دەڵێت، "نەمانگوتووە هاتنی کۆچبەران سوود بە ئێمە ناگەیێنێت. ئێمە خەڵکی شینجینین. تەنیا هیوامان ئەوەیە سوودیان هەبێت، بەڵام هاوکات زیانیش بە ژیانی کەسیم و ئازادی کۆمەڵایەت دەگەیەنن چونکە شینجین بچووکە."
 
ئاربین لیلی، ماسیگرە و ئاماژە بەوە دەکات، "من هەقم بە کۆچبەرانەوە نییە کەی دێن و کەی دەڕۆن و چی دەکەن. من دەریام هەیە و خەریکی راوکردنی ماسم، ئەمە ژیانی منە."
 
رێککەوتنی نێوان ئیتاڵیا و ئەلبانیا دوای ئەوە هات لە 2023 نزیکەی 158 هەزار کۆچبەر گەیشتنە وڵاتە 60 ملیۆن کەسییەکەی ئەورووپا.
 
رۆما بەو 160 ملیۆن یۆرۆیەی هەموو پێداویستیێکی بۆ تیرانا دابینکردووە تاوەکو کۆچبەران بحەوێنێتەوە. 
 
لەنێو ئەو ژمارە کۆچبەرەدا، محەممەدی 39 ساڵان و پێنج منداڵەکەی هەن کە لە ئەفغانستانەوە رۆیشتوون.
 
محەممەد رەفەع دەڵێت، "زۆر دڵخۆشین بەو رۆتینیاتە کە خۆراک و هەندێک پارە دەدەنە منداڵان و ئەوانی دیکە. باشە کە دەتوانین گوزەرانی رۆژانەمان بکەین. ئەگەر ئەم شتانە نەبوونایە لەوانەیە دووچاری کێشە بووباینەوە."
 
ئیتاڵیا لەژێر سەرکردایەتیی جۆرجیا میلۆنیی راستڕۆی دژە کۆچبەر، بووە یەکەم وڵات لە یەکێتیی ئەورووپا کۆچبەران رەوانەی وڵاتێکی دراوسێ بکات، کە نازانرێت ژیانیان بە چ شێوەیەک دەکەوێتە مەترسییەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت کەیسی ناردنی کۆچبەران بۆ دوو کەمپ لە شینجین و جادێر لە ئەلبانیا لە لووتکەی ئەم هەفتەیەی یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێ بکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە