رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، هێزەکانیان لە بەحرێن دوو درۆنی ئێرانییان پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان خستووەتە خوارەوە؛ هاوکات ئەو بانگەشانەی تاران رەت دەکاتەوە کە گوایە سیستمێکی راداری ئەمریکی لەو وڵاتەدا تێکشکابێت.
رۆژی هەینی، 13ـی تشرینی دووەمی 2026، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی: "سوپای پاسدارانی ئێران دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئاراستەی بەحرێن کرد، بەڵام هەردوو درۆنەکە لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە تێکشکێندران و خرانە خوارەوە."
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا باس لەوە دەکات، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی یان مادی لە بەحرێن لێنەکەوتووەتەوە.
ئەم لێدوانەی سێنتکۆم وەڵامێک بوو بۆ راگەیێندراوێکی سوپای پاسدارانی ئێران کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانیان لە بەحرێن "راداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هێزەکانی ئەمریکایان کردوەتە ئامانج و بە تەواوی تێکیانشکاندووە."
بەحرێن میوانداریی بارەگای سەرەکیی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا دەکات و لە هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە مانگی شوباتەوە، پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە چەندین جار لە لایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.



