رووداو دیجیتاڵ
رۆمان گۆفمان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) رۆژی هەینی بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ ئێران گەیشتە واشنتن.
سێ سەرچاوەی ئاگادار بە میدیاکانی ئەمریکایان راگەیاند، گۆفمان، کە یەکێکە لە نزیکترین کەسایەتییە متمانەپێکراوەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، لە واشنتن لەگەڵ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) کۆدەبێتەوە؛ هەروەها چاوەڕوان دەکرێ بچێتە شاری مەیامی لە ویلایەتی فلۆریدا تاوەکو لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی کۆببێتەوە.
تاوەکو ئێستا دەزگای مۆساد، سی ئای ئەی و کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکیان لەسەر سەردانەکە نەداوە.
بەپێی زانیاریی بەرپرسێکی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ سەرجەم هەوڵەکانی نەتەنیاهووی بۆ گەڕانەوە بۆ شەڕ رەتکردووەتەوە، لە کاتێکدا هەردوو سەرکردە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە 5ـی تشرینی دووەم باسیان لە جەنگی ئێران کرد.
سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بەردەوامیدانە بە گەمارۆی دەریایی و هەڵمەتی گوشاری ئابووری بۆسەر ئێران، چونکە پێی وایە ئەو گوشارە زۆر کاریگەرە.
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە گوتی: "دەتوانم دەستبەجێ کۆتایی بە جەنگەکە بێنم، بەڵام لەسەر داوای ئەو وڵاتانەی کە هەوڵی پاراستنیان دەدەم، ئێمە لە رێگەیەکی کەمێک درێژتر و کەمێک شارستانیانەترەوە کارەکە دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "سعوودیە داوای لێکردم تکایە بۆ ماوەیەک با دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی ئێران لە لێواری هەڵوەشاندنەوەدایە؛ قەتەر، کوێت، ئیمارات و بەحرێن، هەموویان زۆر پێیان باشترە چاوەڕێی ئەم قۆناخە بکەین."
ترسی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل لە هەڵگیرساندنی شەڕ
ئەم جووڵە دیپلۆماسی و هەواڵگرییانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەڵبژاردنی 27ـی تشرینی یەکەمی ئیسرائیلدا کورسی پێویستی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەستنەهێنا و گادی ئایزێنکۆتی سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن و سوپاسالاری پێشوو لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، هەرچەندە هێشتا روون نییە ئایا دەتوانێت لەو ئەرکەدا سەرکەوتوو بێت یان نا.
سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی نەتەنیاهوو هەوڵ بدات هێرش بکاتە سەر ئێران یان تاران هانبدات هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بە مەبەستی تێکدانی هەوڵەکانی ئایزێنکۆت بۆ پێکهێنانی حکومەت.
رۆژی پێنجشەممە نەتەنیاهوو بۆ دوو کاژێر لەگەڵ ئایزێنکۆت کۆبووەوە و زانیاریی هەواڵگریی لەبارەی دۆخی بەرەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران پێدا، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە ئایزێنکۆت رایگەیاند کە ئەو کەسایەتییە پێی وانییە دۆخی ئێستا پێویستی بە هەنگاوی سەربازیی دەستبەجێ دژی ئێران هەبێت.



