رووداو دیجیتاڵ بەهۆی رووخانی باڵەخانەیەکی 3 نهۆمی لە یەکێک لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی برووکلین لە نیویۆرک، لانیکەم 8 کەس گیانیان لەدەستدا و 17ـی دیکەش برینداربوون. سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرکیش بەڵێن دەدات لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری کارەساتەکە بکات و زانیارییەکان بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە. رۆژی پێنجشەممە، رۆژێک دوای کارەساتی رووخانی باڵەخانەیەکی 3 نهۆمی لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا، بەرپرسان رایانگەیاند کە ژمارەی قوربانییان زیادی کردووە و تاوەکو ئێستا لانیکەم 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسی دیکەش بریندارن. لە شوێنی رووداوەکەدا دەمی حەفارەکان کەلوپەلی نێو ماڵ و پاشماوەی ئەو خەڵکە دەردەهێنن کە پێشتر لەو باڵەخانەیەدا دەژیان و لەناکاو بەسەریاندا داڕما. سەرەڕای ئەوەی بارانێکی بەخوڕ دەبارێت و کەشوهەوا ئەرکی تیمەکانی فریاگوزاریی قورستر کردووە، بەڵام گەڕان بەدوای ئەو کەسانەدا بەردەوامە کە دەگوترێت لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا گیریان خواردووە. لیلیان بۆنسینیۆر، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی نیویۆرک لەم بارەیەوە دەڵێت: «دەبینین کە لە ناوەڕاستی بارانێکی بەخوڕداین، بەڵام ئەوە ئۆپەراسیۆنەکانمان لێرە ناوەستێنێت. بێگومان هەوڵەکانمان قورستر دەکات، بەڵام ئەمە ئەو جۆرە دۆخە لەناکاوەیە کە ئەندامەکانمان مەشقێکی زۆری بۆ دەکەن، تاوەکو 100% دڵنیا نەبین کە هیچ کەسێکی دیکە گیری نەخواردووە، لێرە دەمێنینەوە». هۆکاری رووخانی باڵەخانەکە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، باڵەخانەکە لە تەنیشت چاڵێکی گەورە بووە کە بۆ دروستکردنی باڵەخانەیەکی فرەنهۆمی هەڵکەندراوە؛ چاڵەکەش لە شوێنی باڵەخانەیەکی 1 نهۆمیدا بووە کە ساڵی رابردوو رووخێندرابوو. زۆهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک، بەڵێنی داوە هۆکاری رووخانەکە بۆ دانیشتووانی شارەکە ئاشکرا بکات و رایگەیاند: «کارەساتێکی لەم قەبارەیە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و ورد هەیە کە هەم شوێنی بیناسازییەکە و هەم ئەو بینایەش بگرێتەوە کە داڕما. ئەو لێکۆڵینەوەیە دەستیپێکردووە و فەرمانگەی بیناکان و هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا سەرپەرشتیی دەکەن. بۆمان دەردەکەوێت چی روویداوە و ئەو زانیارییانەش بە خەڵکی نیویۆرک رادەگەیەنین». رووخانی باڵەخانە بەم شێوەیە زۆرجار لە وڵاتانی هەژاردا دەبیسترێت کە یاسای تووندیان بۆ دروستکردنی خانووبەرە نییە، نەک لە شارێکی وەکو نیویۆرک کە بە پایتەختی سەرمایەداریی جیهان دادەنرێت. بەڵام ئەو باڵەخانە رووخاوە، دەکەوێتە یەکێک لە هەژارترین ناوچەکانی نیویۆرک لە برووکلین، کە رێژەیەکی زۆری کۆچبەران تێیدا دەژین.
جیهان13-11-2026کردنەوەی ناوەندێکی پەناخوازی لە گوندێکی بەریتانیا ناڕەزایی دانیشتووانی گوندەکەی لێدەکەوێتەوە
جیهان13-11-2026بەریتانیا "بە بایەخەوە چاودێری" هەوڵەکانی ئەورووپا دەکات بۆ کردنەوەی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران