لە پێکدادانەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان 206 کەس کوژراون

16-09-2022
دڵزار زوبێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەرمینیا رایدەگەیێنێت، ژمارەی کوژراوانیان لە پێکدادانەکانی ئەمدواییەی لەگەڵ ئازەربایجاندا بەرزبووەتەوە و لانیکەم 135 سەربازیان کوژراون. ئازەربایجانیش دەڵێت، 71 سەربازیان لەو پێکدادانانەدا کوژراون. 
 
رۆژی هەینی 16ـی ئەیلوولی 2022، نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا رایگەیاند: "لەم کاتەدا، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 135 کەس. بەداخەوە کە ئەمە ئاماری کۆتایی نییە، چونکە ژمارەیەکی زۆری بریندار هەن."
 
لە سەرەتای پێکدادانەکان، بەرپرسانی ئەرمینیا رایانگەیاند 105 سەربازیان کوژراون. ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی دوایین ئامارەکان، لە شەڕەکەی هەفتەی رابردوودا 71 سەربازی ئازەربایجان کوژراون. 
 
شەوی دووشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2022 شەڕ و پێکدادان لەنێوان سەربازانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات روویدا. پێکدادانەکان لە نزیک هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ دروستبوون کە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەیە هەردوو وڵات ناکۆکییان لەسەری هەیە.
 
دوای شەڕەکەش، هەر زوو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتە سەر هێڵ؛ سەرەتا رووسیا رایگەیاند، بە نێوەندگیریی ئەو، هەردوو وڵاتەکە ئاگربەستێکیان راگەیاندووە، بەڵام ئاگربەستەکە هەر زوو پێشێلکرا. 
 
دواتر رۆژی چوارشەممە، ئارمێن گریگۆریان، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەرمینیا رایگەیاند، ئاگربەستەکە رۆژی چوارشەممە کاژێر 20:00 بە کاتی نێوخۆ [کاژێر 19:00 بە کاتی هەولێر] چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
لە ساڵی 2020ـەوە بە درێژایی سنووری نێوانیان بەهۆی ناکۆکی لەسەر هەرێمی نۆگۆرنۆ قەرەباخ ناوەناوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان یەریڤان و باکوو روویداوە.
 
لە مانگی ئابیشدا، ئازەربایجان گوتی سەربازێکیان کوژراوە و سوپای قەرەباخیش گوتی کە دوو لە سەربازەکانی کوژراون و دەیانی دیکەش بریدار بوون.
 
هەردوو وڵاتە دراوسێیەکە تاوەکو ئێستا دوو جەنگیان لە دژی یەکدی بەرپاکردووە؛ یەکەمجار لە ساڵی 1988 کە شەش ساڵ بەردەوام بوو. دووەمیش لە ساڵی 2020 بوو. هەردوو جارەکەش لەسەر هەرێمی کێشەلەسەری قەرەباخ بوو. 
 
جەنگەکەی پایزی ساڵی 2020 کە شەش هەفتە بەردەوام بوو، بووە هۆی کوژرانی 6 هەزار و 500 سەرباز. دواجار بە نێوەندگیریی رووسیا ئاگربەست راگەیێندرا. 
 
بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، ئەرمینیا دەستبەرداری بەشێکی خاکەکەی بوو، کە پێش چەندین دەیە لە قەرەباخ کۆنتڕۆڵی کردبوون و مۆسکۆ نزیکەی 2 هەزار سەربازی ئاشتیپارێزی ناردە ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەی چاودێریی ئاگربەستە لەرزۆکەکە بکات.
 
لە کاتی کۆبوونەوەکانی مانگی نیسان و ئایاری ئەمساڵدا بە نێوەندگرییی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان و نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لەسەر ئەنجامدانی "گفتوگۆی پێشکەوتوو" رێککەوتن لەسەر پرسی ئاشتی. 
 
هێزە جوداخوازە نەتەوەییە ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ لە دوای دابەشبوونی یەکێتیی سۆڤیەتی لە ساڵی 1991 لە ئازەربایجان جیابوونەوە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 30 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.