رووداو دیجیتاڵ
چەند سەرچاوەیەک لە رێکخراوە مرۆییەکان رایانگەیاند، پۆلیسی رەوشتی حکومەتی ئەفغانستان رۆژی شەممە نزیکەی 20 کارمەندی فریاگوزاریی ناوخۆییان لە نزیک دەروازەی سنووریی نێوان ئێران و ئەفغانستان دەستگیرکردووە، بەهۆی ئەوەی ریشیان بەپێی پێویست درێژ نەبووە.
رۆژی دووشەممە 22-06-2026، سێ سەرچاوە لە رێکخراوە فریاگوزارییەکان رایانگەیاند، بەرپرسانی ئەفغانستان لە کابول بەپێی لێکدانەوەیەکی یاسای ئیسلامی فەرمانڕەوایی دەکەن و رایانگەیاندووە، دەبێت پیاوان ریشیان لە مستێک [مشتەکۆڵەیەک] درێژتر بکەن.
ئەو کارمەندانەی رۆژی شەممە 20-06-2026 لە نزیک دەروازەی سنووریی ئیسلام قەڵا دەستگیرکراون، کارمەندی ئەو رێکخراوانە بوون کە هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکانن.
یەکێک لە راگەیێندراوە ناوخۆییەکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) دەڵێ، پۆلیسی رەوشت "کارمەندانی نیشتمانیی ئەو رێکخراوانەی دەستگیرکردووە کە هاوبەشی جێبەجێکاریی نەتەوە یەکگرتووەکانن لە ناوەندی پێشوازیکردنی ئیسلام قەڵا، بەهۆی تاشین یان کورتکردنەوەی ریشیان."
راگەیێندراوەکە دەڵێ، بەشێک لە کارمەندەکان هەر لە هەمان رۆژدا ئازاد کراون، لە کاتێکدا ئەوانی دیکە رۆژی دواتر (یەکشەممە) ئازاد کراون.
وەزارەتی فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە (PVPV) ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر رووداوەکە بدات، بەڵام زیائەدین تائیب، لێپرسراوی پۆلیسی رەوشت لە پارێزگەی هیرات دەستگیرکردنی کارمەندانی رێکخراوە مرۆییەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند، "هیچ کەسێک لە رێکخراوە ناحکومییەکان دەستگیر یان زیندانی نەکراوە." بەڵام تائیب رایگەیاند، بەرپرسانی وەزارەت پێنج فەرمانبەری حکومەتیان لە فەرمانگە جیاوازەکان بەهۆی کورتکردنەوەی ریشیانەوە دەستگیرکردووە.
سەرچاوەیەکی سێیەمی رێکخراوە فریاگوزارییەکان پشتڕاستیکردەوە، پۆلیسی رەوشت چوونەتە ناو دامەزراوەیەک لەسەر سنووری ئیسلام قەڵا و 20 کەسیان دەستگیرکردووە کە فەرمانبەری ئاژانسە جیاوازەکانی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بوون لەسەر سنوور و دواتر گواستراونەتەوە بۆ ناوچەی کۆهسان.
زۆربەی خەڵک لە ئەفغانستان پابەندن بە ئایینی ئیسلامەوە، بەڵام دانیشتووانی شارە گەورەکان دەیانتوانی بەر لە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021ـدا شێوازی دەرکەوتنی خۆیان هەڵبژێرن. لەو ناوچە سنووریانەش کە پێشتر شەڕ لە نێوان چەکدارانی تاڵیبان و هێزەکانی پاڵپشتیکراوی ئەمریکادا هەبوو، پیاوان یان لەبەر ترس یان بە خواستی خۆیان ریشیان درێژ دەکرد.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
