رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت، ئەگەر ئێران پابەندی رێککەوتنەکە نەبێت یان "بەباشی رەفتار نەکات"، ئەوا بێگومان سەرۆکی ئەمریکا ئەو کارە دەکات کە پێویستە بیکات.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کۆشکی سپی، دوای ئەوە دێن کە ئەمریکا و ئێران کۆتاییان بە گەڕێکی درێژی دانوستاندنە سەرەتاییەکان هێنا لە سویسرا، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی لە کۆتایی مانگی شوباتدا لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەستیپێکرد.
چەند کاژێرێک پێش قسەکانی ترەمپ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران "بناخەیەکی باشیان بۆ رێککەوتنی کۆتایی سەرکەوتوو" دروستکردووە.
لە لایەکی دیکەوە، دوای دانوستاندنەکان ، جارێکی دیکە کەشتییەکان دەستیان بە تێپەڕبوون بەنێو تەنگەی هورمزدا کردووەتەوە.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کیپلەر کە تایبەتە بە شیکاریی داتاکانی کەشتیوانی، لە کۆتایی هەفتەدا تێپەڕبوونی 71 کەشتی پشتڕاست کراوەتەوە، کە زۆرترین جووڵە لە رۆژی شەممەدا بووە و 35 کەشتی تێپەڕبوون. ئەمە لە کاتێکدایە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، رۆژانە 100 بۆ 130 کەشتی بەو تەنگەیەدا تێدەپەڕین.
هەرچەندە رێڕەوی سەرەکی و نێوەڕاستی تەنگەی هورمز هێشتا مینڕێژکراوە و داخراوە، بەڵام ئێستا کەشتییەکان لە رێگەی رێڕەوە بچووکەکەی باکوورەوە کە بەنێو ئاوەکانی ئێراندایە و رێڕەوی باشوور کە بەنێو ئاوەکانی عوماندایە هاتووچۆ دەکەن.
دەقی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
"تەنیا دەمەوێت بڵێم، پێش ئەوەی چەند کەسێک بناسێنم، ئێمە سەبارەت بە تەنگەی هورمز دۆخێکی زۆر باشمان هەیە. دوێنێ زۆرترین نەوتمان وەرگرت کە تاوەکو ئێستا بەو تەنگەیەدا تێپەڕیبێت. رەنگە بیبینن کە ئێمە نەوتێکی زۆرمان هەیە. وەک دەزانن تەنگەکە بە تەواوی کراوەیە. ئێمە لە دانوستاندنداین. دەبینین هەموو شتێک چۆن دەڕوات. بەڵام ئێمە دوو شتمان هەیە؛ تەنگەیەکی کراوەمان هەیە، هەروەها وڵاتێکمان هەیە، کە هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هەرگیز و هەرگیز چەکی ئەتۆمییان نابێت."
"چەکی ئەتۆمی لە داڕمانی ئابووری خراپترە. داڕمانی ئابووری زۆر خراپە، بەڵام چەکی ئەتۆمی زۆر خێراتر دەبێتە هۆی داڕمانی ئابووری. بەو شێوەیەی ئێمە دەیکەین، پێچەوانەی داڕمانمان هەیە. دۆخمان زۆرباشە. ژمارەکان باوەڕپێنەکراون. نەوت گەیشتووەتە ئاستێک کە پێشتر کەس نەیبینیوە. نرخی نەوت زۆر دابەزیوە. پێموایە زۆر نزیکە لەو نرخەی کە پێشتر هەیبوو، وەک کریس رایت، وەزیری وزە پێشتر گوتی، زۆر نزیکە لە نرخی پێش دەستپێکردنی شەڕەکە."

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)