ئەردۆغان و پووتین کۆدەبنەوە؛ چاوەڕوان دەکرێت باس لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکەن

16-09-2022
دڵزار زوبێر
  ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لووتکەی سۆچی لە 05-08-2022. وێنە: AFP
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لووتکەی سۆچی لە 05-08-2022. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری سەمەرقەندی رۆژهەڵاتی ئۆزبەکستانی ئەندامی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لووتکە لە نێوان سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای بەڕێوەدەچێت. 
 
لە لووتکەکەدا چین، رووسیا، کازاخستان، تاجیکستان، قیرغستان، ئوزباکستان، هیندستان و پاکستان کە ئەندامی سەرەکیی رێکخراوەکەن بەشدار دەبن؛ هاوکات وڵاتانی چاودێر و هاوبەشانی دیالۆگ لە لووتکەکە بانگهێشتکراون کە گرنگترینیان ئێران، تورکیا، ئازەربایجان، ئەرمینیا و بێلاڕووسن. 
 
لە رۆژی یەکەمی لووتکەکەدا، لە کۆبوونەوەی نێوان پووتین و رەئیسی، کۆمەڵێک رێککەوتنی نێوانیان راگەیێنران. ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی، "لە قۆناخی کۆتاییدا، کار لەسەر رێککەوتنێکی گەورەی نێوان رووسیا و ئێران دەکرێت کە دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگی هاوبەشیی ستراتیژیمان. هەفتەی داهاتووش شاندێکی بازرگانیی رووسیا دەنێرینە ئێران کە 80 کۆمپانیای رووسی تێیدا بەشداردەبن." 
 
هەر لە یەکەم رۆژی لووتکەکە، ئێران یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی بۆ بوون بە ئەندامی هەمیشەیی لە رێکخراوەکەدا واژۆکرد. ئەوەش یارمەتیی ئێران دەدات بچێتە قۆناخێکی نوێی وزە، گواستنەوە و ئابوورییەوە. 
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "ئومێدەوارین ئەوپەڕی لە سێ هەفتەی داهاتوودا ئەم هەنگاوە تەواو بێت و بە ئەندامبوونی ئێران لە رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای تەواوبکرێت." 
 
بۆ چین، جگە لە لووتکەکە، سەمەرقەند گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئەوەش بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سەدەی چوارەمی پێش زاییندا، شارەکە رێگەی ئاوریشمی لە چینەوە بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا دەگەیاند. 
 
لە کۆبوونەوەی نێوان شی جین پینگ و ڤلادمیر پووتین، وێڕای ئەوەی هەردوولا ئەمریکایان بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی جیهانێکی تاک جەمسەر تۆمەتبار کرد، جەختیشیان لە بەهێزکردنی ئابووری هەردوولا کردەوە. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی رووسیا، قەبارەی بازرگانیی نێوان رووسیا و چین لە ساڵی رابردوودا، 140.7 ملیار دۆلار بووە. وەزارەتی گەشەپێدانی ئابووریی رووسیاش دەڵێت، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا قەبارەکە بە رێژەی 35٪ بەرزبووەتەوە. 
 
هەردوو وڵاتەکەش لە پلانیاندایە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگەیێننە 170 ملیار دۆلار و تاوەکو ساڵی 2024 قەبارەکە بگەیێننە 200 ملیار دۆلار. 
 
لە کۆبوونەوە دیارەکانی ئەمڕۆش کە سەرنجێکی زۆری لەسەرە، کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە و چاوەڕوان دەکرێت بەشێکیشی تایبەت بێت بە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلبانیا دەڵێت، تیکتۆک دەبێتە هۆی تووندوتیژی لە وڵاتەکەی. وێنە: Reuters

حکومەتی ئەلبانیا بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک رادەگرێت

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.