سەرۆکی بێلاڕووس داوا لە رووسیا و ئۆکراینا دەکات کۆتایی بە جەنگ بهێنن

16-08-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی بێلاڕووس کە بە هاوپەیمانیی نزیکی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دادەندرێت، داوا لە رووسیا و ئۆکراینا دەکات کۆتایی بە جەنگی نێوانیان بهێنن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئابی 2024، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی رووسیا دژایەتیی خۆی بۆ هێرشی ئۆکراینا بۆ سەر رووسیا دەربڕی و داواشی لە هەردوولا کرد دەست بە گفتوگۆ بکەن. 
 
لوکاشینکۆ گوتی: "جەنگی ئۆکراینا لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکیاندا نییە، تەنیا بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا دەیانەوێت [جەنگەکە] بەردەوام بێت و ئۆکراینا و رووسیا یەکدی لەنێوببەن".
 
سەرۆکی بێلاڕووس ئۆکراینای بەوە تۆمەتبار کرد کە رەنگە پلانی هێرشکردنە سەر بێلاڕووسیان هەبێت، بەڵام گوتیشی، "رێگەنادەین وڵاتەکەمان وێران بکرێت".
 
هەروەها رۆژی پێنجشەممە بەرپرسانی مینسک رایانگەیاند، هێزییان رەوانەی سنووری باشووری وڵات لەگەڵ ئۆکراینا کردووە بۆ ئەوەی سنوورەکە لە پێشێلکارییەکانی ئۆکراینییەکان بپارێزن. 
 
لە شوباتی 2022ـەوە جەنگی ئۆکراینا بەردەوامە و مۆسکۆ بانگەشەی ئەوە دەکات، دەبێت ئۆکراینا واز لەو خاکە بێنێت کە رووسیا کۆنتڕۆڵی کردوون بۆ ئەوەی گفتوگۆی ئاگربەست دەستپێبکات. ئۆکرایناش دەڵێت، تەنیا کاتێک ئامادەی گفتوگۆی ئاگربەستن ئەگەر سەربەخۆیی و سەروەریی وڵاتەکەیان بەتەواوەتی رێزی لێبگیرێت. 
 
بەرەبەیانی رۆژی 06-08-2024ـەوە، هەزاران سەربازی ئۆکراینی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان هێرشیان کردە سەر رووسیا. هەرزوو ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، سەربازەکانیان دەتوانن ئۆکرایناییەکان دەربکەن و دووریان بخەنەوە؛ بەڵام ئەوە زیاتر لە هەفتەیەکە شەڕی چڕ بەردەوامە و تاوەکو ئێستا ئۆکراینییەکان دەرنەکراون.
 
بەرپرسە سەربازییەکانی ئۆکراینا دەڵێن، لە 24 کاژێری رابردوودا دوو کیلۆمەتر چوارگۆشە پێشڕەوییان کردووە و تاوەکو ئێستاش 82 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان لەنێو خاکی رووسیا کۆنترۆڵ کردووە. 
 
بەرپرسانی رووسیاش ئاماژە بەوە دەکەن، پێشڕەوییەکانی سوپای ئۆکراینایان لەنێو خاکی وڵاتەکەیان راگرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە