رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا لە وێستگەی هەڵدانی مووشەک بۆ بۆشایی ئاسمان لە شاری ڤلادیڤۆستۆک لە رۆژهەڵاتی رووسیا پێشوازی لە رێبەری کۆریای باکوور کرد.
ڤلادمێر پووتین پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ کیم، ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی کە لە جۆری لیمۆزینە پێشانی رێبەری کۆریای باکوور دەدات. دواتریش ئێوارەخوانێکی پڕ لە خواردنی رووسی بۆ رازاندەوە.
پووتین گوتی، "لە کۆریا پەندێک هەیە دەڵێت، جلوبەرگ ئەوکاتە باشە کە نوێن، بەڵام هاوڕێ ئەوکاتە باشن کە کۆنن. خەڵکی ئێمەش دەڵێن، هاوڕێیەکی کۆن باشترە لە دووانی نوێ. ئەم پەندە کۆنانە، بەتەواوەتی لەگەڵ پەیوەندییە نوێیەکەی نێوان وڵاتەکانمان دەگونجێت".
هەروەها رێبەری کۆریای باکوور گوتی، "ورەمان بەرزە کە سوپای رووسیا و گەلەکەی سەرکەوتنێکی مەزن بەدەستدەهێنن، لەو جەنگە دادوەرییەی لەپێناو سزادانی گرووپە ناحەزەکان، کە بەدوای هەژموون و فراوانخوازی و ئامانجەکانیان دەکەون، ئەمەش لەپێناو بەدیهێنانی دۆخێکی گەشەکردوو و سەقامگیر".
ئەوە یەکەم سەردانی کیمە بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوای ئەوەی بە شەمەندەنەفەرێکی گوللەنەبڕ گەیشتە رووسیا.
ئەمریکا نیگەرانیی خۆی دەربڕی و کۆریای باکووری تۆمەتبار کردووە لە 18 مانگی جەنگی دژ بە ئۆکراینادا، هاوکاریی سەربازی و دارایی رووسیای کردووە. مۆسکۆ و پیۆنیانگیش تۆمەتەکانی واشنتن رەتدەکەنەوە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی دەڵێت، "ئێمە زۆر لەنزیکەوە چاودێری ئەوە دەکەین و بزانین هەردوولا چی دەڵێن، پێشتر رامگەیاندووە، بەردەوام داوا لە کۆریای باکوور دەکەین پابەندییە گشتییەکانی جێبەجێ بکات و هاوکاری جەنگەکەی رووسیا لە ئۆکراینا نەکات. هیچ وڵاتێک لەسەر گۆی زەوی نابێت هاوکاری پووتین بکات خەڵکی بێتاوانی ئۆکراینی بکوژێت".
بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی هەواڵگریی، رووسیا بە پێدانی "مووشەکی بالیستی و ژێردەریایی" و کەرەستەی سەربازی و پەرەپێدانی بەرنامەی مانگی دەستکرد، هاوکاریی کۆریای باکوور دەکات، لە بەرامبەردا کیم ئامادەیی پێشانداوە هاوکاریی تەواوی هێزەکانی رووسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکراینا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ